سنە؛ خالید سەیف‌پەناهی بە سێ مانگ و ڕۆژێک زیندانی مەحکووم کرا

18:17 - 20 بانەمەڕ 2722

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "خالید سەیف‌پەناهی" کوڕی ئەحمەد خەڵکی سنە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە لە بەرژەوەندیی ڕێکخراوەکانی دژبەری نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە ٩١ ڕۆژ زیندانی مەحکووم کرا.

ئەو حوکمە بە بێ ئامادەبوونی ئەو هاووڵاتییە بووە و ڕۆژی دووشەممە ١٩ی بانەمەڕ، ئەو حوکمە بە خالید سەیف‌پەناهی ڕاگەیەندراوە.

ئەو هاووڵاتییە بەو حوکمە ناڕەزایەتی دەربڕیووە و خوازیاری پێداچوونەوە بووە و ڕایگەیاندووە: "سەرەڕای ئەوەیکە هیچ پەیام و بانگهێشتنامەیەک بۆ من (خالید سەیف‌پەناهی)، بۆ ئامادەبوونم لە کۆبوونەوەی دادگا نەهاتووە و پێنەگەیشتووە، ناڕەزایەتیی خۆم بەو حوکمە دەردەبڕم و داوای دووبارە کۆبوونەوەی دادگا دەکەم".

دۆسیەی خالید سەیف‌پەناهی بۆ پێڕاگەیشتن ڕەوانەی لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە کراوە.