سنە؛ خالید سەیف‌پەناهی بە زیندان مەحکووم کرا

11:39 - 10 جۆزەردان 2722

هاووڵاتییەک بە ناوی "خالید سەیف‌پەناهی" کوڕی ئەحمەد خەڵکی شاری سنە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "حوسێن سەعیدی" بە سێ مانگ و ڕۆژێک زیندانی تەعلیقی بۆ ماوەی دوو ساڵ مەحکووم کرا.

دادگا ٩١ ڕۆژ زیندانی تەعلیقیی بەسەر ئەو هاووڵاتییە کوردەدا سەپاندووە بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەی براکەی "حامید سەیف‌پەناهی" لە لاپەڕەی کەسیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

کۆبوونەوەی دادگایی ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی بانەمەڕ، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چووبوو و ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی جۆزەردان، ئەو حوکمە بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

ڕێکەوتی ٢ی پووشپەی ساڵی ٩٦، حامید سەیف‌پەناهی لە ئەنجامی تێکەڵچوون لە جادەی مەریوان- سنە، لەگەڵ سپای پاسداران گیانی لەدەست دا، هەروەها ڕامین حوسێن‌پەناهی زیندانیی سیاسیی کوردی ئێعدامکراو لەو تێکەڵچوونەدا بە برینداری دەسبەسەر کرا.

مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ "خالید سەیف‌پەناهی" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە لە بەرژەوەندیی ڕێکخراوەکانی دژبەری نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە ٩١ ڕۆژ زیندان مەحکووم کرابوو.