سنە؛ حوکمی زیندانیی "قانع خاتری" دوای "تەسلیم بە ڕەی" کەم کرایەوە

12:16 - 9 پووشپەڕ 2722

حوکمی زیندانیی "قانع خاتری"، ئەندامی کەمپەینی "ژیانەوەی کوردستان" دوای "تەسلیم بە ڕەی" بۆ ١٨ مانگ زیندان، کەم کرایەوە.

ئەم هاووڵاتییە بە تۆمەتگەلی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "هاوکاریکردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" و "پێکهێنانی کەمپەینی ژیانەوەی کوردستان"، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە دوو ساڵی زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و ئەم حوکمە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی بانەمەڕ بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

دوایین دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم ئەندامەی کەمپەینی "ژیانەوەی کوردستان" ڕۆژی ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چوو بوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی جۆزەردانی ١٤٠٠، "قانع خاتری" بە دانانی بارمتە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە ئازاد کرابوو.

ئەم چالاکە مەدەنییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کرابوو.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ١٤٠٠، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.