سنە؛ بەردەوامیی دەسبەسەریی ڕێبوارعەبدوڵلاهی چالاکی کرێکاری

11:44 - 7 رەشەمه 2721

ڕێبوارعەبدوڵلاهی چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سنە، هەروا لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەسبەسەرە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە کرێکارییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا چەند جارێک لەگەڵ بنەماڵەکەی پەیوەندیی تەلەفۆنیی هەبووە و پاش دەسبەسەرکرانی لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و "گرتنی پارێزەر" بێبەری کراوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "بنەماڵەی ڕێبوار عەبدوڵڵاهی لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی‌ وەپاڵدراو دژی کوڕەکەیان بێئاگایی خۆیان دەربڕیوە".

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندان، "ڕێبوار عەبدوڵڵاهی" پاش چوونەدەرەوەی لە ماڵەکەی خۆی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری گیران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو چالاکە کرێکارییە زانیارییەک بەدەست نەهاتووە.

ڕێبوار عەبدوڵڵاهی ئەندامی پێشووی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان بووە؛ هەروەها ساڵی ٩٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە کۆمیتەی هاوئاهەنگی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.