سنە؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی ڕەفیق سەلیمی و فواد سەلیمی

12:40 - 7 بەفرانبار 2722

ڕەفیق سەلیمی و کوڕەکەی بە ناوی فواد سەلیمی، سەرەڕای تێپەڕینی مانگێک بە سەر دەسبەسەرکرانیاندا، هەتا ئێستا لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، لە دەسبەسەریدان.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو باوک و کوڕە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا، لە دەستپێڕگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە، بێبەری کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: دادگا بۆ ئازادکردنی فواد سەلیمی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تەمەنیی دیاری کردووە و سەرەڕای دابینکردنی ئەو بارمتەیە، ناوبراو هێشتا لە دەسبەسەریدایە.

ڕۆژی دووشەممە ٧ی سەرماوەز، ڕەفیق سەلیمی و فواد سەلیمی، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، کران.