سنە؛ بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی هاوووڵاتییەکی کورد پاش دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

13:08 - 6 بانەمەڕ 2722

سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، هێزە ئەمنییەتییەکان هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی "کەیوان ڕۆستەمی" کوری عەلی ئەکبەر خەڵکی گوندی "مێراو" سەر بە شاری سنە دەسبەسەر کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٢٧ ساڵەیە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنییدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دایە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، بنەماڵەی ڕۆستەمی هەتا پێش لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنوس و تەندروستیی کوڕەکەیان نەبووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو هێزە ئەمنییەتییەکان "کەیوان ڕۆستەمیـ"ـان بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر و لە ماوەیەدا، سەرەڕای بەدواچوونی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بەو بنەماڵەیە خۆیان بواردووە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت؛ "کەیوان ڕۆستەمی" لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، "لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەسپێڕاگەیشتن بە پاڕێزەر" بێبەری، کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەک بەدەست نەهاتووە.