سنە؛ ئارام مورادیان پاش دەسبەسەرکرانی چارەنووسی هەروا ناڕوونە

16:52 - 29 سەرماوەز 2721

"ئارام مورادیان" هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە سنە، هەروا لە گرتنگەدایە و لە چارەنووسی ناوبراو زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکرانی دووبارەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، تەنیا دوو جار لەگەڵ بنەماڵەکەی پەیوەندیی تەلەفۆنیی هەبووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: "ئارام مورادیان لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە".

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، "ئارام مورادیان"، پاش ئامادەبوونی لە دادگای ئینقلابی سنە دەسبەسەر کرا.

ئەو هاووڵاتییە بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دادگاییەکەی، بانگهێشتی دادگای ئینقلابی شاری سنە کرابوو و لەسەر بڕیاری دەسبەسەرکرانی کاتی لەلایەن دادوەری دادگا دەسبەسەر کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ڕەزبەر، "ئارام مورادیان" بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو.

ناوبراو پاش تەواوبوونی ماوەی لێپسرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٧ی خەرمانان، هێزە ئەمنییەکان بەبێ نیشاندانی ‌بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر و ناوبراویان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کردبوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ناوبراو، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.