سنە؛ ئارام مورادیان دووبارە دەسبەسەر کرایەوە

13:20 - 24 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، "ئارام مورادیان" خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە سنە، پاش ئامادەبوون لە دادگای ئینقلابی سنە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو هاووڵاتییە کوردە لەسەر بڕیاری کاتیی دادوەری دادگا دەسبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "ئارام مورادیان بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دادگاییەکەی، بانگهێشتی دادگای ئینقلابی شاری سنە کرابوو".

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ڕەزبەر، "ئارام مورادیان" بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی هەتا کاتی کۆتایی دادگاییەکەی بە شیوەی کاتی لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو. ناوبراو پاش تەواوبوونی ماوەی لێپسرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و لە گرتنی پارێزەر بێبەری کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٧ی خەرمانان، هێزە ئەمنییەکان بەبێ ‌بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر و ناوبراویان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کردبوو.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.