سنووری ورمێ؛ هاووڵاتییەک لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانی لەدەست دا

15:52 - 11 خەزەڵوەر 2721

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ١١ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "وەیسی بادینی"، کوڕی ئەحمەد و خەڵکی گوندی "سۆرکان" سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕ، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری ورمێ، گیانی لەدەست دا.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، ئەو هاووڵاتییەیان کە لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵەتدا بووە، داوەتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆ.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، وەیسی بادینی، بەهۆی خوێنڕێژیی زۆرەوە گیانی لەدەست داوە و هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە چارەسەرکردنی پزیشکیی ناوبراو ڕێگرییان کردووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "ئەو هێزانە مەڕوماڵاتی ئەو هاوڵاتییەیان لەگەڵ خۆیان بردووە".

تەرمی ناوبراو هەتا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

وەیسی بادینی خێزاندار و خاوەن دوو منداڵە.