سنووری نەوسوود؛ دوو کۆڵبەر بەهۆی تەقەی هیزە نیزامییەکان بریندار بوون

11:23 - 25 جۆزەردان 2721

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی جۆزەردان، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی "بەشیر ئەحمەدزادە" و "بەسیر ئەحمەدزادە"، خەڵکی گوندی "دشە" سەر بە پاوە، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری نەوسوود بریندار بوونە.

ئەو دوو کۆڵبەرە کە برای یەکترن لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە کۆڵبەران بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو دراونەتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان.

لەو ڕووداوەدا، بەشیر ئەحمەدزادە لاقی و بەسیر ئەحمەدزادە سەری بە توندی بریندار بووە.

ئەو دوو کۆڵبەرە، بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی پاوە کراون و پاشان بەسیر بەهۆی ناجێگیربوونی بارودۆخی جەستەیی، ڕەوانەی نەخۆشخانەی کرماشان کراوە.

ئەو دوو کۆڵبەرە، خێزاندار و خاوەن منداڵن.