سنووری نەوسوود، بەرزبوونەوەی ئاماری کۆڵبەرانی بریندارکراو بە تەقەی هێزە نیزامییەکان

11:36 - 11 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی شەممە ١٠ی بانەمەڕ، دوو کۆڵبەری مێرمنداڵ بە ناوەکانی "فەرهان مینایی" تەمەن ١٥ ساڵ و "ڕامین باواجانی" تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی شاری سەلاس‌باوەجانی، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری نەوسوود بریندار کران.

ئەو دوو کۆڵبەرە بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو و لە مەودایەکی کورتدا، لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە تەقەیان لێکراوە و بۆ چارەسەری پزیشكیی ڕەوانەی ناوەندیی دەرمانی کراون.

بە هەژمارکردنی ئەو دوو حاڵەتە، لە هەمان ڕۆژدا لانیکەم چوار کۆڵبەر به تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری نەوسوود کوژراو و بریندار بوونه.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە ١٠ی بانەمەڕ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "سەفەر سوبحانی" کوڕی حەیدەر، خەڵکی گوندی "دووریسانـ"ـی شاری پاوە بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت گیانی لەدەست دا و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "فەرشید قادری ‌زادە" خەڵکی گوندی "دشە"ی شاری پاوە بریندار کرا.