سنووری سوومار و خوسرەوی لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە بۆ ماوەی حەوتوویەک داخرا

16:45 - 18 رەشەمه 2719

دەوڵەتی عێراق بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەی، سنوورەکانی سوومار و خوسرەویی لەگەڵ ئێران، بۆ ماوەی حەوتوویەک داخست.

"موراد عەلی تاتار"، فەرمانداری قەسری ‌شیرین، لەو باریەوە ڕایگەیاند: "بەپێی ئەو بڕیارەی دەوڵەتی عێراق، هەموو چالاکییە بازرگانی و ئاڵوگۆڕێکی سنووری لە سنووری خوسرەوی، لەلایەن دەوڵەتی عێراق، لە ئەمڕۆ یەکشەممە هەتا سێشەممەی داهاتوو، بۆ پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ڕاگیرا".

لەلایەکی دیکەوە، فەرمانداری گێڵان غەرەب، باسی لە بازاڕچەی سنووریی سوومار کرد کە لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە بۆ ماوەی حەوتوویەک داخرا.

"کوورش محەممەدیان" لەو باریەوە ڕایگەیاند: "ئەم هەوڵە لە ڕاستای بەربەرەکانێ لەگەڵ بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە و هەتا حەوتوویەک درێژە دەکێشت و هیچ ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی لە سنووری سوومار ئەنجام نادرێت".

پاش بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و دۆشداماوی لە پێشگیری لەو ڤایرۆسە، بەشێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێران سنوورەکانیان بەڕووی ئەو وڵاتەدا داخست، هەروەها بەشێکی دیکە لە وڵاتانی جیهان، ئیزنی هاتوچۆی ئێرانییەکانیان بۆ وڵاتەکەیان قەدەغە کردووە.