سنووری بانە؛ کۆڵبەرێک لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانی لەدەست دا

11:05 - 14 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "محەممەد خودایی کانی‌سێف"، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری "سارداو"ی بانە، گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقەی ڕاستەوخۆیان لەو کۆڵبەرە کردووە و ناوبراو بەهۆی بەرکەوتنی چوار گولـلە بە نێوقەدی، دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "تەرمی ئەو کۆڵبەرە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبیی بانە کراوە و هەتا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە".

محەممەد خودایی، تەمەن ٢٨ ساڵ، کوڕی باقی و خەڵکی گوندی "کانی‌سێف" سەر بە بانەیە.