سنوورپارێزەکانی حکوومەتی لە هەورامان ٢٠ کاسبکاریان دەستبەسەر کرد

15:43 - 24 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە سنوورپارێزەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری هەورامان ٢٠ کاسبکاری کوردیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، هێزە سنوورپارێزەکانی حکوومەتی ئێران، ٢٠ کاسبکاری کوردیان لە نزیک گوندی \"بێوراس\" سەر بە شاری پاوە دەستبەسەر کرد و دەستیان بە سەر کەلوپەلەکانیان گرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەسپی ئەو کاسبکارانە بە تەقەی هێزە سنوورپاریزەکان بە کوشت چوون.

کاسبکارە دەستبەسەر کراوەکان پاش چەند کاتژمێرێک ئازاد کران.

بەپێی بەندی ئەلف لە ماددەی ٢ی یاسای قاچاخ، ئەگەر کەلوپەلی قاچاخ ژێر یەک میلیۆن تمەن کەمتر بێت هیچ سزایەکی نییە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو کەلوپەلانەی کە کۆڵبەران هەڵی دەگرن لەو ڕێژەیە کەمترە کە ئەو سزایە بیانگرێتەوە، بۆیە دەبێ تەنیا کەلوپەلەکانیان زەوت بکرێت.

ناوەندەکانی حکوومەتی لەگەڵ کۆڵبەران و کاسبکاران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ژێرناوی \"قاچاغچی شتومەک\" هەڵسووکەوت دەکەن، لە کاتێکدا دانیشتوانی کوردستانی ئێران بە هۆی نەبوونی هەل و دەرفەتی کار و ڕوانینی ئەمنیەتی بۆ ئەو ناوچانە لەلایەن حکوومەتەوە، بە ناچاری ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری دەکەن و لەو پەیوەندییەدا، زۆرێک لە کۆڵبەران لەو ڕیگایەدا گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.