سنوور تامارا لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا

12:06 - 1 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی پووشپەڕ، سنوور تامارا، هاووڵاتیی خەڵکی کوردستانی باکوور لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.

ئەو ژنە زیندانییە سیاسییە پاش ئەوەیکە لێخشبوونی بۆ دەرچووه لە زیندانی ورمێ ئازاد کراوە.

لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندان، مەحکووم کردبوو.

کۆبوونەوەی دادگایی ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٠، بە شێوەی ئێلێکترۆنیکی و بەبێ ئامادەبوونی پارێزەری دیاریکراو لەنێو زیندانی ورمێدا، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان" بەڕێوە چووبوو و ڕۆژی شەممە ١٢ی پووشپەڕی هەمان ساڵ، حوکمی ١٠ ساڵ و ١ ڕۆژ زیندان، بە فەرمی بە ناوبراو لە بەندی ژنانی ئەو زیندانە ڕاگەیەندرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاییزی ٩٩، لە یەکێک لە گوندەکانی ورمێ لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ٦ مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا، کۆتاییەکانی مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرابوو.

 سنوور تامارا ٤ی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو، جارێکی دیکە بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا کرابوو و پاشان بۆ زیندانی ورمێ گەڕێندرابووەوە.