سمینارێک لەسەر زمانی کوردی لە تاران بەڕێوە چوو

15:00 - 26 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: سمینارێک لەمەڕ تاوتوێی زمانی کوردی و رەگاژۆی ئەو زمانە بۆ نێو زمانەکانی دێکەی ئێرانی، بە بەشداری کۆمەڵێک کەسایەتی ئەدەبی و مامۆستای زانکۆ لە تاران کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.

لە دەستپێکی ئەو سمینارەدا  \"میر جەلالەدین کەزازی\" مامۆستای زانکۆ رایگەیاند: نەتەوەی کورد یەکێک لە رەسەنترین و کۆنترین نەتەوەکانی وڵاتی ئێرانە و بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێن کە ئێرانیی راستەقینە کوردەکانن.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە فەرهەنگ و ئەدەبیات لە وڵاتی ئێراندا کرد و نەتەوەی کوردی وەک یەکێک لە پارێزەرانی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی لە مێژینەی وڵاتی ئێران وەسف کرد.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی \"مێهر\" کەزازی باسی لە رەسەنایەتی زمانی کوردی کردووە و رایگەیاندووە: کە زمانی کوردی رەگاژۆی بۆ نێو سەرجەم زمانەکانی ئێران کردووە و کاریگەریی قووڵی لەسەر داناون و هەتا ئێستاش کۆمەڵێک وشەی کوردی لە نێو ئەو زمانانەدا کەڵکیان لێ وەردەگرێت.

لە بەشێکی دیکەی ئەو سمینارەدا \"تەلعەت تاهیر محەممەد\" بەرپرسی بەشی ئەدەبیات و زمانی فارسیی زانکۆی \"سەلاحەدین\"ی هەولێـر باسی لە پەیوەندی نێوان زمانی کوردی و فارسی کرد و پێشینەی ئەو زمانانەی بۆ بەشداران شی کردەوە.

ئەو سمینارە رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٣ی رێبەندان بە هاوکاریی کۆلێژی ئەدەبیات و زانستە مرۆیی‌یەکانی زانستگەی تاران لە ژێر ناوی \"زمانی فارسی و پێشینەی بەکار هێنای ئەو زمانە لە هەرێمی کوردستان” بەڕێوە چوو.