سمکۆ خۆرشیدی، زیندانی سیاسیی کورد لەسێدارە درا

20:45 - 28 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: زینداییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سەقز، کە لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لەزیندانی دیزڵ‌ئابادی کرماشان لەسێدارە درا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سمکۆ خورشیدی تەمەن ٣٢ ساڵ، کوڕی فەیزوڵڵا و خەڵکی شاری سەقز، کە بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ خودا، دەرگیریی چەکدارانە و ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردیی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، حوکمەکەی ئەمڕۆ پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوە بەڕێوەچوو.

\"19420.jpg\"
سمکۆ خۆرشیدی، زیندانی سیاسیی کورد لەزیندانی دیزڵ‌ئابادی کرماشان لەسێدارە درا
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند تەرمی ئەو زیندانییە سیاسییە لەسێدارە دراوە رادەستی بنەماڵەکەی، کە دانیشتووی بلواری وەحدەتی شاری سەقزن، کراوەتەوە.

سمکۆ خورشیدی خاکەلێوەی ١٣٩٠ی هەتاوی بە برینداری دەستبەسەر کراو پاش ماوەیەک راگیران لە زیندانەکانی شاری سنە و سەقز لەلایەن ١ی دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر شایق حوکمی سێدارەی بۆ بڕایەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەی خەڵکی شاری سەقز، پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بوو، کە پاش گەڕانەوە بۆ وڵاتی ئێران دەستبەسەر کرا.

لەلایەکی دیکەوەو بەپێی هەواڵی گەیشتوو، سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوە هاوولاتییەکی خەڵکی گوندی ژنێن لە ناوچەی سەوڵاوا، لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە لەسێدارە درا.

دەگوتریت، ئەو هاووڵاتییە کوردە ماوەی ٨ ساڵ بوو لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە و بە تۆمەتی ئنجامدانی قەتڵ لە دەستبەسەری‌دا بوو.