سمکۆ خلقەتی چاوەڕوانیی ئازادیی مەرجدار دەکات

16:29 - 29 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد، لە زیندانی ناوەندیی تەبەس لە پارێزگای خوراسانی باشوور، لە چاوەڕوانی ئازادکردنی مەرجدارە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سمکۆ خلقەتی کارناسی ناوکیی و زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری مەهاباد دوای ٩ ساڵ زیندانی لە چاوەڕوانی ئازادیی مەرجدارە.

یەکێک لە نزیکانی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"ئێمە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی یاسای ئازادیی مەرجداری سمکۆ خلقەتین\".
هەرەوەها ڕایگەیاند: \"هەتا ئێستا دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران، لەم بارەوە هیچ هەنگاوێکی هەڵنەگرتووە و ئێمە هیوادارین کە یاسای ئازادیی مەرجدار بۆ سمکۆ خلقەتی جێبەجێ بکرێت\".

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، ئەم کارناسە ناوکییە، لەم ماوەی یەکساڵ و نیوی ڕابردوودا، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی و دوو فیشی مووچە شەش جار مۆڵەتی هاتنە دەرەوەی لە زیندانی وەرگرتووە.

سمکۆ خلقەتی، ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٨، کە لە ڕئاکتۆری ئاوی قورس لە ئەراک خەریکی کار بووە، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە، دەرچووی بەشی \"متالۆژی\" زانکۆی \"سەنعەتی شەریفی تارانـ\"ـە، کە لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەراک بە تاوانی \"هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نیشتمانی لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" بە ١٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

حوکمی زیندانی ئەم زیندانییە کوردە، لە دادگای پێداچوونەوە پەسەند کراوە و لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٢ش لە دیوانی باڵای وڵات حوکمەکەی پەسەند کرا.

ئەم کارناسە ناوکییە لە زیندانەکانی ئەراک، ئەوین، ڕەجایی‌شاری کەرەج و تەبەس ماوەی حوکمەکەی خۆی تێپەڕاندووە و لە ئێستادا لە زیندانی ناوەندیی تەبەسدا زیندانییە.