سمکۆ خلقەتی لە ژووری تاکەکەسی مانی لە خواردن گرت

13:05 - 12 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: سمکۆ خلقەتی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج مانی لە خواردن گرت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی هەینی رێکەوتی ١١ی رێبەندان سمکۆ خلقەتی، کە ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج تێپەڕ دەکات، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بڕیاری راگواستنی بۆ ژووری تاکە کەسیی نێو زیندان، دەستی دایە مانگرتن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ سمکۆ خلقەتی بە بەرپرسانی زیندانی راگەیاندووە، هەتا ئەو کاتەی لە ژووری تاکەکەسیی زیندان‌دا بمێنێتەوە، لەسەر مانگرتنەکەی بەردەوام دەبێت.

\"18120.jpg\"
سمکۆ خلقەتی، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بڕیاری راگواستنی بۆ ژووری تاکە کەسیی نێو زیندان، دەستی دایە مانگرتن
ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، بەهۆی بەشداری کردن لە مانگرتنی سێ رۆژەی زیندانییانی سیاسیی سالۆنی ١٢ی زیندانی رەجایی شاری کەرەج، بۆ ژووری تاکە کەسیی نێو زیندان راگوێزراوە.

سمکۆ خلقەتی، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٩ی رێبەندان، بەبیانووی چاوپێکەون لەگەل بنەماڵەکەی لە سالۆنی ١٢ هێنراوەتە دەر و رەوانەی ژووری تاکە کەسی کراوە.

ئەو ئەندازیارە کوردە رێکەوتی ٢٨ بەفرانباری ساڵی ١٣٨٨ لە بنکەی ناوکیی ئەراک دەستبەسەر کراوە و دواتر لە دادگای ئینقلابی ئەراک حوکمی ١٥ ساڵ زیندانیی بۆ بڕایەوە و ئەو حکمە لە دادگای پێداچوونەوە و دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کراوەتەوە.

سمکۆ خلقەتی، کە خێزاندار و باوکی منداڵێکی تەمەن ٤ ساڵەیە، هەتا ئێستا ماوەی چوار ساڵ و ١٤ رۆژ لە حوکمەکەی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج تێپەڕاندووە.

ئەو گیراوە سیاسیە کوردە، بڕوانامەی کارناسیی ئەندازیاری مێتالۆژیی لە زانکۆی \"سەنعەتی شەریف\"ی تاران وەرگرتووەوە، لە کاتێکدا وەکوو ئەندازیار لە بنکەی ناوکیی ئەراک سەرقاڵی کار کردن بوو، لەلایەن هێیزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەستبەسەر کرا.