سمکۆ خلقەتی: قورسترین سزا بۆ دۆسییەکەی من لەبەرچاو گیرابوو و منیش لە زیندان ئازاد کرام

15:25 - 23 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد، لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری تەبەس سەر بە پارێزگای خوراسانی باشوور ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بانەمەڕ، سمکۆ خلقەتی، کارناسی ناوکی و زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، پاش ٩ ساڵ لە زیندان ئازاد کرا.

سمکۆ خلقەتی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە ڕەت کردنەوە یاسای ئازادیی بێمەرج ڕایگەیاند: \"قورسترین سزا سەبارەت بە دۆسییەکەی من لەبەرچاو گیرابوو\".

ناوبراو هەروەها دەڵێت: \"لانیکەم (اشد مجازات) بۆ دۆسییەکەی من لەبەرچاو گیرابوو، کە پاش لێکۆڵینەوەی پێویست من لە زیندان ئازاد کرام\".

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، هەروەها دەڵێت: \"ئێستا من لە زیندانی شاری تەبەس ئازاد کراوم و هاتوومەتەوە شاری مەهاباد\".

سمکۆ خلقەتی کە بڕوانامەی کارناسیی ئەندازیاری مێتالۆژی هەیە، لە دامەزراوەی ناوکیی ئەراک وەکوو ئەندازیار سەرقاڵی کارکردن بوو، ئەو زیندانییە کوردە، لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری ئەراکەوە بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، بە ١٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و ئەو حوکمە لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتیش پەسەند کرا.