سمکۆ خلقەتی بە هۆی گوشاری ئیتلاعات زێدی خۆی جێهێشت

13:54 - 17 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد خەڵکی شاری مەهاباد، بە هۆی گوشارە بەردەوامەکانی هێزە ئیتلاعاتییەکان، بە ناچاری زێدی خۆی بە جێهێشت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سمکۆ خلقەتی، کارناسی ناوکی و زیندانیی سیاسیی کورد کە لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ پاش ٩ ساڵ زیندانی لە زیندانی ناوەندیی شاری تەبەس لە پارێزگای خۆراسانی باشوور، ئازاد کرابوو، ئێرانی بە جێهێشت.

سمکۆ خلقەتی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا وێرای پشتڕاستکردنەوی ئەم هەواڵە، ڕایگەیاند: \"بە هۆی گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد ناچار بە بەجێهێشتنی زێدی خۆم بووم\".

ناوبراو دەڵێت: \"پاش ئازاد بوونم لە زیندانی، دوو کەڕەت بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد کرام و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردم و هێزە ئیتلاعاتییەکان پێشیان لە دامەزراندنی من لە شیرکەتە دەوڵەتی و تایبەتییەکان دەگرت\".

ئەو زیندانییە سیاسییە ئەوەشی دووپات کردەوە: گوشارەکانی مەئموورانی ئیتلاعاتی منی ناچار کرد ئێران بە جێبهێڵم و هەنووکە لە یەکێک لە وڵاتانی ئۆرووپایی ژیان دەکەم.

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بانەمەڕ، ئەم کارناسە ناوەکییە و زیندانییە سیاسییە لە زیندانی تەبەس ئازاد کرا.

سمکۆ خلقەتی، ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٨، کە لە ڕئاکتۆری ئاوی قورس لە ئەراک خەریکی کار بووە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە، دەرچووی بەشی متالۆژیــی زانکۆی سەنعەتی شەریفی تارانــە، کە لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەراکەوە بە تاوانی هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نیشتمانی لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامی ئێران، بە ١٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

حوکمی زیندانی ئەم زیندانییە کوردە، لە دادگای پێداچوونەوە پەسەند کراوە و لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٢ش لە دیوانی باڵای وڵات حوکمەکەی پەسەند کرا.

لە هاوینی ساڵی ٩٤ لە سەر داواکاریی سمکۆ خلقەتی و بە ئامانجی گەڵاڵەی کاریگەرتر دوای بەکار بردنی مادەی ١٣٤\"تجمیع احکام\"، بۆ زیندانی تەبەس گوازرایەوە و دواتر لەگەڵ ئەو مادەیە دژایەتی کرا.

ئەم کارناسە ناوکییە لە زیندانەکانی ئەراک، ئەوین، ڕەجایی‌شاری کەرەج و تەبەسدا ماوەی حوکمەکەی خۆی تێپەڕاندووە و ئێستاش زێدی خۆی بەجێهشت.