سمکۆ خلقەتی بە بیانووی چاوپێکەوتن لەگەل بنەماڵەکەی رەوانەی ژووری تاکە کەسی کرا

13:59 - 10 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد کە لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج لە دەستبەسەری دایە، بۆ ژووری تاکە کەسی راگوێزرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سمکۆ خلقەتی زیندانیی سیاسیی کورد بەهۆی بەشداری کردن لە مانگرتنی سێ رۆژەی زیندانییانی سیاسیی سالۆنی ١٢ی زیندانی رەجایی شاری کەرەج، بۆ ژووری تاکە کەسیی نێو زیندان راگوێزرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ ئەو زیندانییە سیاسییە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٩ی رێبەندان، بەبیانووی چاوپێکەون لەگەل بنەماڵەکەی لە سالۆنی ١٢ هێنراوەتە دەر و رەوانەی ژووری تاکە کەسی کراوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی؛ سمکۆ خلقەتی بە بڕیاری بەرپرسی زیندانی رەجایی شاری کەرەج و بەهۆی بەشداری کردن لە مانگرتنی زیندانییانی سیاسیی ئەو زیندانە بۆ ژووری تاکەکەسی راگوێزراوە.

سمکۆ خلقەتی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، رێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ٨٨ لە کاتێکدا وەکوو ئەندازیاری مێتالۆژی لە دامەزراوەی ناوکیی ئەراک سەرقاڵی کار کردن بوو، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لەو دامەزراوە ناوکییە دەستبەسەر کرا.

ئەو زیندانییە کوردە، کە بڕوانامەی کارناسیی ئەندازیاری مێتالۆژیی لە زانکۆی \"سەنعەتی شەریف\"ی تاران وەرگرتووەوە، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری ئەراکەوە بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

حوکمی ئەو زیندانییە کوردە پێشتر لەدادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرابوویەوەو لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا، ئەو ١٥ ساڵ زیندانییە لەدیوانی باڵای وڵاتی ئێران پشتڕاست کرایەوە.

سمکۆ خلقەتی خێزاندار و باوکی منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵە و ماوەی ٤ ساڵە لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج لە دەستبەسەری دایە و هەنووکە لەو زیندانە ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.