سمکۆ خلقەتی بۆ زیندانی ئەراک راگوێزرا

14:07 - 28 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد لەزیندانی ئێوینی تارانەوە بۆ بەندیخانەی شاری ئەراک راگوێزرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کورپا، سمکۆ خلقەتی زیندانی سیاسی کورد کە لەبەندی ٧ی زیندانی ئێوینی تاران لەدەستبەسەریدابوو رۆژی سێ شەممە رێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژ بۆ ئەراک ئەو شوێنەی کە لێی دەستبەسەر کرابوو راگوێزراوە.

ئەو زیندانییە سیاسیە هەتا ئێستا چەندین جار لەبەندەکانی ٢٠٩، ٧و ٣٥٠ی ئێوینی تاران ئاڵوگۆڕی پێکراوە و بۆ ماوەیەکیش لەزیندانی رەجایی شاری کەرەجدا راگیراوە.

لەو بارەیەوە هەواڵدەریی هێرانا بڵاوی کردبوویەوە، هەتا ئێستا هۆکاری راگوێزرانی ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ ئەراک روون نەبووەتەوە.

سمکۆ خلقەتی ماوەی زیاتر لەساڵێک لەمەوبەریش لەزیندانی رەجایی شار بە بیانووی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی رەوانەی ژوورەتاکەکەسییەکان کرابوو.

خلقەتی تەمەن ٣٥ ساڵ مانگی بەفرانباری ساڵی ٨٨ لەدامەزراوەی ناوکیی ئەراک لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

سمکۆ خلقەتی کە بڕوانامەی کارناسیی ئەندازیاری مێتالۆژی هەیە لەدامەزراوەی ناوکیی ئەراک وەکوو ئەندازیار سەرقاڵی کارکردن بوو.

ئەو زیندانییە کوردە، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری ئەراکەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ١٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و ئەو حوکمە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە تەئید کرایەوە.

سمکۆ خلقەتی خێزاندار و کچێکی تەمەن ١١ ساڵانی هەیە.