سلێمان سالک هاووڵاتیی مەهابادی بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرا

11:09 - 18 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سلێمان سالک" تەمەن ٦٩ ساڵ خەڵکی شاری مەهاباد، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، بۆ زیندانی نەغەدە، ڕاگوێزرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بۆ ئازادکرانی کاتیی ئەو هاووڵاتییە، ناوەندە دادوەرییەکان داوای بارمتەی قورس دەکەن.

سلێمان سالک لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

ئەو هاووڵاتییە، ڕۆژی سێشەممە ٧ی پووشپەڕ، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە جاددەی پیرانشار- مەهاباد، دەسبەسەر کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.