سلێمان سالک خەڵکی مەهاباد دووبارە دەسبەسەر کرایەوە

11:15 - 29 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سلێمان سالک" تەمەن ٦٩ ساڵ خەڵکی شاری مەهاباد، پاش بانگهێشتکردنی بۆ دادگای ئینقلابی پیرانشار، دووبارە دەسبەسەر کرایەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبیانووی واژۆکردنی دۆسییەی ئەو هاووڵاتییە، ناوبراویان بانگهێشتی دادگای ئینقلابی پیرانشار کردبوو و دواتر دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی گەلاوێژ، ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی گەلاوێژ، ئەو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، بۆ زیندانی نەغەدە، ڕاگوێزرابوو.

سلێمان سالک لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

ئەو هاووڵاتییە، ڕۆژی سێشەممە ٧ی پووشپەڕ، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە جاددەی پیرانشار- مەهاباد، دەسبەسەر کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.