سزای کوێرکردنی زیندانێکی کورد لە تاران بەڕێوچوو

15:46 - 19 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: دادگای تاوانەکان لە شاری تاران هەر دوو چاوی زیندانییەکی کوردی کوێر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، دادگای تاوانەکان حوکمی قەساسی تێزاب ڕشتنی زیندانییەکی کوردی بە ناوی\"محەممەد ڕەزا ناموەر\" بەڕێوە برد.

کوێر کردنی هەر دووچاوی ئەو زیندانییە قوروەیە بە ئامادە بوونی بەرێوەبەری دادسەرای کاروباری تاوانەکانی شاری تاران و شارەزایانی پەیوەندییدار لەدەرهێنانی چاو بە شێوەی ڕاستەخۆ بەڕێوەچووە.

حوکمی تێزاو ڕشتن لە بەرەبەری هاتنی بەرپرسانی یەکیەتی ئۆرووپا بۆ ئێران سەبارەت بە \"وتووێژ کردن لە سەر مافی مرۆڤ\" ڕوویداوە.

ڕەزا ناموەر تاوانبار کرابوو بەوەیکە لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی بە هۆی ڕشتنی ئاهەک بە دەموچاوی کچێکی مێرمنداڵ ئەو کچەی کوێر کردوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، دۆسیەی ناوبراو ڕادەستی دادسەرای تاوانەکانی شاری تاران کراوە بۆ بەڕێوەچوونی حوکمەکەی.

بەڕێوەچوونی سزای کوێر کردنی ئەو زیندانییە کوردە لەگەڵ دژکردەوەی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بەڕەوڕوو بووتەوە و ئەو هەوڵەیان \"بەنامرۆڤانە و وەحشیانە\"لە قەڵەم داوە.

پێشتریش، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە: سزای قەساس لە دەزگای قەزایی ئێران، نموونەی\"نیزامێکی قەزایی زاڵمانە\" بە ئەژمار دێت.