سزای لەسێدارەدان بەسەر دوو لاوی بەلووچ‌دا سەپێندرا

14:20 - 5 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: چالاکیی سیاسی خزمانی دوو هاووڵاتی بەلووچ لەدەرەوەی وڵات بووە هۆی سەپاندنی سزای لەسێدارە بەسەریاندا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لقی ٢ی دادگای شۆڕشی شاری زاهێدان لە سەرەتای حەوتووی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدانی بۆ دوو لاوی خەڵکی سەراوان دەرکردووە.

ناسنامەی ئەو دوو هاووڵاتییە بەلووچە؛ ئەلیاس کەلەندەرزەهی و حەسەن دەهواری ڕاگەیەندراوە.

ئەو سزایە کۆتایی مانگی سەرماوەز لەلایەن قازی موحەمەد مەرزیە و بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر بەسەر ئەو دوو زیندانییە سیاسییەی گرتووخانەی ناوەندیی زاهێدان سەپێندراوە.

تەمەنی ئەو زیندانییانە ٢٢ و ٢٨ ساڵە و دوو ساڵ لەمەوبەر لە هێرشێکی ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ شوێنی نیشتەجێ بوونی ئەو دوو کەسە لە شاری سەراوان دەستبەسەر کران.

ماڵپەڕی \"چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لە ئێران\" بە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە، دەنووسێ: لە کەیفەرخواستی ئەو دوو زیندانییەدا هاتووە کە لە ئەگەری ڕادەستکردنەوەی برا و مامی حەسەن دەهواری و ئەلیاس کەلەندەرزەهی، ئەوا ئازاد دەکرێن.

هێزی ئەمنییەتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران وێڕای هێشتنەوەی ئەو لاوانە لە ژووری تاکەکەسی، ئەوانیشی ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی داوە.

سەبارەت بە دۆخی چالاکانی سیاسی و مەدەنی بەلووچ لە ئێراندا، ڕاگەیەندراوە کە لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا بەلانیکەمەوە ٥٦ هاووڵاتی بەلووچ ئێعدام کراون و سزای هاوشێوەش بۆ ١٠ کەسی دیکە دەرچووە.

هەروەها زیاتر لە ٧٥ کەسیش لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، بانگهێشت، لێپێچینەوە و دەستبەسەر کراون.