سزای دەسدرێژی بۆ سەر کچێکی ١١ ساڵ تەنیا بە ٩٠ زەربە قامچی کۆتایی هات

14:26 - 9 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە دەستوپەیوەندییەدانی حکوومەتی ئێران، کە لە نێوەڕاستی مانگی ڕەمەزاندا دەسدرێژی کردبووە سەر کچێکی تەمەن ١١ ساڵ، تەنیا ٩٠ زەربە قامچی لێ درا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دۆسییەی \"ڕۆیا ئەدەوایی\"، کچە کوردێکی خەڵکی گوندی \"سلێن\"، سەر بە شاری مەریوان، کە لە لایەن کەسێکەوە بە ناوەی \"ئیقباڵ ئەدەوایی\" کوڕی فایەق دەسدڕێژی کرابووە سەری، بە ٩٠ زەربە قامچی کۆتایی هات.

\"\"
ئیقباڵ ئەدەوایی
لە دوایین ڕاپۆرتی بارودۆخی دۆسییەی ڕۆیا ئەدەوایی، لە دادگای ئینقلابی شاری مەریوان، بە شێوەی گوماناوی و دوور لە هەر جۆرە دادپەروەرییەک، بە ٩٠ زەربە قامچی بۆ کەسی دەسدرێژیکەر کۆتایی هات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە کاتێکدا کە کەسی تاوانبار لە دادگادا کردەوەکەی خۆی واتە \"دەسدرێژی بۆ سەر ئەو کچە تەمەن ١١ ساڵە\" وەئەستۆ گرتووە، تەنیا ماوەیەکی کورت لە زینداندا بووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە لە درێژەدا دەڵێت: لەو پەیوەندییەدا، چالاکانی مەدەنیی شاری مەریوان، بە نیسبەت ئەم کردەوەیە، دژکردەوەیان نیشان داوە و دۆسییەکەی ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات کراوە و بڕیاری دیوانی باڵای وڵاتیش ناردنەوەی دۆسییەی ئەو کچە بۆ دادگای سنە بووە و تەنیا بە ٩٠ زەربە قامچی سزا دراوە.

دەوترێ، ئیقباڵ ئەدەوایی لەگەڵ براکەی دەستوپەیوەندی حکوومەتن و ئەمەش لەسەر سزادانەکەی ناوبراو کاریگەری هەبووە.