سریاڵی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەردەوامە

12:25 - 27 خاکەلێوه 2722

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی خاکەلێوە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "محەممەد فەتحوڵڵاهی" کوڕی "بایەزید" خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان کاتژمێر ٣ی بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە".

محەممەد فەتحوڵڵاهی پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران بووە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری گیران و تۆمەتی ‌وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.