سریاڵی تەلەفزیۆنی \"مەستوورەی ئەردەڵان\" دروست دەکرێت

15:55 - 29 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: سریاڵی تەلەفزیۆنی ژنە شاعێری کورد و مێژوونووس \"مەستوورە ئەردەڵان\" لە لایەن پووران درەخشەندە دروست دەکرێت.

جێگری کاروباری پارێزگاکانی ڕێکخراوی دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئێران، باسی لە دروست کردنی سریاڵی \"مەستوورە ئەردەڵان\" و هەروەها چەند سریاڵێکی دیکە کرد.

عەلی دارابی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتی\"ئیسنا\" ڕایگەیاند: دروست کردنی سریاڵی مەستوورە ئەردەڵان لە لایەن پووران دەرخشندەوە دروست دەکرێت و ناوبراو لە حاڵی نووسینی فیلمنامەی ئەو سریاڵەیە.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هەواڵی دروست کردنی سریاڵی مەستوورەی ئەردەڵان بەم زووانە ڕادەگەیەندرێ.

عەلی دارابی هەروەها سەبارەت بە سریاڵی \"سەردارسنجەرخان\" بڕیارە لە لایەن سەید زیائەدین دەری دروست بکرێت؛ ئەو دەرهێنەرە هەنووکە لە حاڵی نووسی فیلمنامەی ئەم سریاڵەدایە.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە هەروەها ڕایگەیاند: ٧٠ بۆ ٨٠ کەس لە ئەکتەرەکانی ئەو سریاڵانە لە خەڵکی خۆجێی پێکدێن.

ماە شەرەف خانم قادری (مەستوورەی ئەردەڵان) شاعیر، نووسەر و یەكەم ژنی مێژوونووسی جیهانە لە بنەماڵەی ئەردەڵانەكانی سنە كە ساڵی ١١٨٤ی هەتاوی (١٨٠٥ ی زایینی ) لە شاری سنە، ناوەندی حكوومەتی ئەردەڵانەكان لەدایك بووە و ساڵی ١٢٢٧ی هەتاوی لە تەمەنی لاویەتیدا کۆچی دوایی کردووە کە لە گۆڕستانی گردی سەیوان لە شاری سلێمانی نێژراوە.

مەستوورە ئەردەڵان شارەزای زمانەكانی كوردی، فارسی و عەرەبی بووە و لە ماوەی ژیانیدا بە دوو زمانی كوردی و فارسی شێعری نووسیوە و مێژووی بنەماڵەی ئەردەڵانیشی نووسیوەتەوە.