سروشتی کوردستان لەبەردەم شاڵاوی ئاگردا دەسووتێت

16:45 - 9 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: نزیکەی ٢٢٠ هێکتار لە دارستانەکانی کوردستان بە هۆکاری مرۆیی لە ئاگردا سووتان.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ٧ی گەلاوێژ، لە پارێزگای لوڕستان و شاری تازەدامەزراوی دوورەچەگنی، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر، ٢٠٠ هێکتار لە لێڕەوارە سروشتییەکانی ناوچەی \"فەلاوەند وەیسیان\" لە ناوچوون.

پاش کوژاندنەوەی ئاگر لەو ناوچەیە، جارێکی دیکەش شاڵاوی بڵێسەی ئاگر ناوچەکەی تەنییەوە و پانتایەکی زۆرتری لەناو برد.

\"\"سەبارەت بە ئاگر گرتنی دارستانەکانی ئەو ناوچەیە، فەرمانداری دوورەچەگنی باسی لە کێشە و دووبەرەکیی خۆجێیی کرد و کەوتنەوەی ئەو ئاگرەی بە ئەنقەست و دەستکرد لەقەڵەم دا.

سەرچاوە خۆجێییەکان،زانیاری زیاتریان سەبارەت بە چۆنیەتی ئاگرکەوتنەوەکان باس نەکردووە، بەڵام ئەو ئاگرکەوتنەوەیان بە سێهەمین ئاگرکەوتنەوەی بەربڵاو لە کەمتر لە یەک مانگی ڕابردوودا، ناو بردووە.

لە حاڵەتێکی هاوشێوەی دیکەدا، لە ناوچەی پارێزراوی بێستون، زیاتر لە پێنج هێکتار لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیە لە ئاگردا سووتان.

سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوەی ڕۆژی ڕابردوو لە ناوچەی کاشەبەرد و هەڵەمووتی بێستون، ئاماژە بە هۆکاری مرۆیی کراوە.

\"\"هەواڵدەریی ئیرنا لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە کە؛ هێزەکانی پاراستنی ژینگە و بەشێک لە شاخەوانە خۆبەخشەکان، ئاگرەکەیان دامرکاندۆتەوە.

ئەفرا. نەستەرن. گۆییژ، گەوەن. ترێ، شیر سەک، باریجە، بداع حەوت کۆڵ... لە جۆرەکانی ڕووەکی ناوچەی بێستونن کە لە ١٥ کیلۆمێتریی ڕۆژهەڵاتی شاری کرماشان هەڵکەوتووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی هەێنی ٨ی گەلاوێژ، دارستان و لەوڕگەکانی ناوچەی \"درەوران\"، لەسەر یەک دوو جار ئاگری گرت.

بە هۆی نزیکیی ئەو ناوچەیە لە سنوورەوە، سووتانی لەوڕگە سروشتییەکان، هەتا سەر لەبەیانیی ئەمڕۆ درێژەی هەبووە.

پانتای سووتانی ئەو بەشە لە سروشتی کوردستان، نزیکەی ١٣ هیکتار ڕاگەیەنراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، لاینگەرانی ژینگەپارێزی و گرووپی خۆبەخشی خەڵکی، بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان وەکوو گرینگترین وزەی چالاک بە ئاژمار دێن، کە لەگەڵ بەهرەمەند بوون لە کەمترین ئیمکانات و کەرەستە و پشتیوانیی ناوەندە پەیوەندییدارەکان، هەوڵی کۆنتڕۆڵ و کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن.

بەرپرسی ئەنجومەنی پسپۆڕانی ژینگەپارێزی ئێران، بە هەواڵدەریی ئیلنای ڕاگەیاند: ١٠٠ هێکتار لە لێڕەوارە سروشتییەکانی ئێران لە ئەگەری فەوتاندان.

مەجید عەباس پوور، ئاگرگرتن و لە ناوچوونی دارستانەکانی بۆ\"نەبوونی سەرچاوەی ئاو، قاچاغی دار و گوڕانکاری هەرێمی\" گەڕاندەوە.

\"30556.jpg\"

\"30560.jpg\"

\"30559.jpg\"