سروشتی چەمشاری سنە ئاگری تێبەردرا

20:34 - 15 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ئاگرتێبەردانی لەوەڕگەکانی کوردستان درێژەی هەیە و زیاتر لە چەند هێکتار لە لەوەڕگەکانی گوندی گەزنەی چەمشاری سنە، ئاگری تێبەردرا.

ڕۆژی هەینی، ١٤ی پووشپەڕ، لەوەڕگە و پووش و پاوەنی سروشتی گوندی \"گەزنە\"ی سەر بە چەمشاری سنە، ئاگری تێبەردرا و بەو بۆنەوە ڕوبەرێکی فراوان لە پووش و پاوان و لەوەڕگەکانی \"سیدۆڵە و سەرکەنە\" سووتاون.

سەرەڕای ئاگرتێبەردانی لەوەڕگە و پاوەنی ئەو گوندە، زەرەر و زیانێکی زۆر بە سروشتی ناوچەکە کەوتووە و ئاژەڵ و گیانلەبەرانێکی زۆر سووتاون.

\"گەزنە\"، لە ١٥ کیلۆمێتریی شاری سنە و لە چەمشار هەڵکەوتووە و سروشتێکی فراوانی هەیە و ئەو دوو شوێنە کە ئاگری تێبەردراوە، شوێنی سەیرانگەی خەڵکە لەو ناوچەیەدا.

هەر چەند بەرپرسایەتیی پاراستنی دارستان و لەوەڕگەکان لە ئەستۆی ناوەندە حکوومەتییەکان، وەک: ئیدارەی ژینگەپارێزی، جەنگەڵبانی و ئیدارەی ئاگرکۆژێنەوەیەیە، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، هاووڵاتییانی کوردی چالاکی بواری ژینگەپارێزی و خەڵکی گوندەکان، بە شێوەی خۆڕسک هەوڵی کۆژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن.