سروشتی هەورامان یەکێک لەپارێزەر و لایەنگرەکانی لەدەست دا

15:56 - 3 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە چالاکانی ژینگە پارێزیی کوردستان بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە، لە جادەی نودشە ـ مەریوان گیانی لەدەست‌دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هەڵدێرانی ماشێنێک بۆ ناو دۆڵێک لەجادەی \"نۆدشە ـ مەریوان\"، مەرگی یەکێک لەچالاکانی بە پێشینەی ژینگەپارێزی بەناوی (عەبدوڵڵا ئەمینی کوڕی ئەفراسیاب)ی لێکەوتەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لەو چەند ساڵەی دواییدا بە بەردەوامی رێگەی نۆدشە ـ مەریوان، کە زیاتر لە ٤٠ کیلۆمیترە، لە زبڵ و پاشماوەی خواردنی گەشیاران و رێبواران خاوێن کردبوویەوە.

\"20122.jpg\"
رێگای گه‌شتیاری ز‌ازرا
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو ناوچەیە بە هەواڵنێری کوردپای گوتووە، ئەو چالاکە ژینگەپارێزە بێ‌ئەوەی چاوەڕوانی هیچ پارە و پاداشتێک لەلایەن ناوەند و بەرپرسانی حکوومەتییەوە بێت، بە سەدان نەمامی لە تەنیشت جادەی نۆدشە ـ مەریوان چاندووە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، عەبدوڵڵا ئەینی لەرۆژانی هەینی هەموو هەفتەیەکدا بە ماشێنی خۆی سەرجەم زبڵی بەجێ‌ماوی سەر رێگەی نۆدشە ـ مەریوانی کۆ دەکردەوە و بە بەردەوامی هانی لاوەکانیشی دەدا کە پارێزەری لە ژینگە و سروشتی دڵڕفێنی کوردستان بکەن.

ئەو چالاکە رۆژی چوارشەممەی رابردوو لەکاتێکدا سەرقاڵی ئاودێریی نەمامەکانی، لە جادەی مەریوان بۆ نۆدشە بوو، تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە و گیانی لەدەست داوە.

تەرمی عەبدوڵڵا ئەمینی هەمان رۆژ لە زێدی خۆی نۆدشە ئەسپەرەدەی خاک کراوە.

ناوبراو تەمەنی ٣٥ ساڵ و خاوەنی ژن و دوو منداڵ بوو.

رێگەی شارەکانی پاوە، نۆدشە و مەریوان لە ناوچەی هەورامان بە یەکێک لەشوێنە دڵڕفێنەکانی کوردستان دێتە ئەژمار و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر روو لەو ناوچانە دەکەن.