\"سترانی هەنار\" بە شێعری نیشتمانپەروەرانە بەڕێوەچوو

15:19 - 16 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: بە بەشداری بەرچاوی لاوان و ئەدەبدۆستانی نیشتمانپەروەر و شاعیرانی چەند شارێکی کوردستان ئێوارە شێعرێک لەژێر ناوی \"سترانی هەنار\" لە ساڵۆنی فەرهەنگ لە تەنیشت پارکی شاری سەقز بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ٤ و ٣٠ خولەکی ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی کۆڕەشێعرێک لەژێر ناوی \"سترانی هەنار\" بە مەبەستی خزمەت بە شێعر و ئەدەبی کوردی بۆ نیزیک بە پازدە کەس لە شاعێرانی کوردستان لەلایەن ئەنجومەنی مەولەوی کورد لەشاری سەقز بەڕێوەچوو.

لە دەسپێکی کۆڕی شێعری \"سترانی هەنار\" دا لە لایەن بەڕێوەبەران و ڕێکخەرانی کۆڕەکەوە یادی شاعیری کۆچکردوو کاک خالید خاکی خەڵکی شاری سەقز بە شێعر و وشەی جوانی ئەدەبی بەرز و زیندو ڕاگیرا .

پاشان هەر کام لە شاعیرانی بەشداربوو بە دوو شێعر کۆڕەکەیان ڕازاندەوە.

بابەتی شێعرەکان زۆرتر عەشق و خۆشەویستی، غەزەڵ، شێعری نوێ و کلاسیک بوون. هەرچەند کە پێشتر شێعرەکان لە فیلتێری ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی شاری سەقزەوە دەرچبوون بەڵام هێشتا شێعرەکان بابەتگەلی نیشتمانپەروەرانە و ئازادیخوازانەی دژ بە خورافات و کۆنەپەرەستیان لە دووتوێی وشەی ڕەسەن و بەرفراوانی کوردیدا لە خۆدا هێشتبۆوە .

ژنانی شاعیر بە سەرپۆشی جامانە و جلوبەرگی کوردی هەورییەوە بەشدارییان لەو کۆڕەدا کرد و شێعرەکانیان پێشکەش بە بینەران و بیسەرانیان دەکرد . پێشوازی گەرم و بەرچاوی کیژان و کوڕانی لاو و نیشتمانپەروەر لەو کۆڕە ببووە هۆی خوشحاڵی شاعیران و ئەندامانی ئەنجومەنی مەولەوی کورد .

لە کۆتایی کۆڕەکەشدا خەڵات و لەوحی ڕێزلێنان بە سەر شاعیراندا دابەش کرا و سپاسی هەموو بەشداربووان کرا .