ساڵیادی قاڵەمەڕە لە شاری بۆکان بەرز ڕاگیرا

15:19 - 1 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕێوڕەسمی نۆهەمین ساڵیادی قادر عەبدوڵڵازادە (قالەمەڕە)، بە بەشداریی کەسایەتییە فەرهەنگی و هونەرییەکان لە شاری بۆکان بەرز ڕاگیرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دامەزراوەی فەرهەنگی و هونەری زیرەک، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٣١ی بانەمەڕ، لە پارکی حەسەن زیرەک، لەسەر گڵکۆی قالەمەڕە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک، هونەرمەندان، شاعێران، نووسەران، بە یادی شمشاڵژەنی کوردستان (قالەمەڕە)، ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوە برد.

سووسەن حەسەنزادە، بەرپرسی دامەزراوەی فەرهەنگی_هونەری زیرەک، لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی (قالەمەڕە)، یاد و بیروەری ئەو کۆچکردووەی بەرز نرخاند.

ڕەسووڵ چووپانی (شوانە) بە هۆنینەوە شێعر، حەسەن کەریمیان، مستەفا ئیلخانیزادە، بە پێشکەشکردنی وتار، عوسمانە سوور بە نەرمەنەی، عەلی فروتەن بە حەیران، ئیحسان زیرەک بە گۆرانی، ڕازێنەری ئەو ڕێوڕەسمە بوون.
بەشداریی بەرچاوی خەڵکی فەرهەنگدۆستی شاری بۆکان، مەهاباد، سەقز، مەریوان، بانە، سلێمانی و سەردەشت، هەستی هونەرپەروەریی زۆرتری بە گیان و دڵی هونەرمەندان بەخشیبوو.

ئەو هونەرمەندە کوردە، یەکێک لە شمشاڵژەنە ناودارەکان بووە، کە لە ٢٠ وڵاتی جیهان لە فێستیڤاڵ و کۆنسێرتەکان بەشداری کردبوو.

قالەمەڕە، بە هۆی هەژاری و دەستکورتی نەیتوانی خەڵاتی وڵاتی ئاڵمان لە ساڵی ١٩٩٣ وەربگرێت.

ھونەرمەندی نەتەوەیی و شمشاڵژەنی ناوداری کوردستان و ئێران و جیھان، قادر عەبدوڵڵازادە ناسراو بە \"قالەمەڕە\"، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا بە ھۆی نەخۆشییەکی درێژخایەن لە ماڵی خۆی لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.