ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی ١٣٥٥ حاڵەت پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێراندا ڕوویداوە

22:18 - 29 رەشەمه 2715
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، وێڕای پیرۆزبایی ساڵی نوێ و کۆتایی‌هاتنی ساڵێکی پڕ لە پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ئێران و بە تایبەت ناوچە کوردنشینەکان بۆ چوارەمین ساڵی بەردەوام لە ڕاپۆرتێکی شیکاری ـ ئاماریی پێشێلکردنی مافی مرۆڤی لە ناوچە کوردنشینەکانی لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویدا بڵاو دەکاتەوە.

ئەو ڕاپۆرتە باس لە پێشێلکاریی ١٣٥٥ حاڵەت پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ساڵێ ١٣٩٤دادەکات.

ئەو ڕاپۆرتە بە پشت بەستن بە سەرچاوە و کەسانی ئاگادار تۆمار کراوە و کە بە شێوەی ئاماری بڵاو دەکرێتەوە.

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا پێشێلکارییمافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێراندا ڕووی داوە بەڵام بە هۆی ئەوەیکە هیچ ڕێکخراو یا سەرچاوەیەکی ئاگادار تەئیدی نەکردووە لەو ئامارەدا باسی لێوە نەکراوە.

ناوی تەواو و زانیاریی وردی پێوەندییدار بەو ڕاپۆرتە لە لایەن ئاژانسی کوردپایە.

خشتەی (١)
حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچەکوردنشینەکانی ئێران (١٣٩٤)

\"29818.jpg\"

\"29819.jpg\"

کۆی گشتی پێشێکردنی مافی مرۆڤ:

بەپێی خشتەی (١) لە ساڵی ١٣٩٤ سەرجەم ١٣٥٥ حاڵەت پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێراندا ڕووی داوە. ئەو ئامارە لە ساڵەکانی ٩١، ٩٢ و ٩٣ بە ڕێز ١٠٢٦، ١٥٥٠ و ١٥٧٢ حاڵەت بووە.

بە هەژمارکردنی هەمووی ئامارەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کە لە لایەن سەرچاە ناوچەیی و ڕاگەیاندنەکانی دیکە بڵاو کراوەتەوە، بەڵام لەگەڵ تەئیدنەکردنی سەرچاوەکانی ئاگادار بەرەوڕوو بووە، دەکرێت ئەو ئامارە زیاتر بێت.

بانگهێشت و دەستبەسەرکران

بانگهێشت و دەستبەسەرکانی هاووڵاتیانی کورد بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بە ریز ٧٣٤ و ١٨٢ حاڵەت زیاترین ئامار لە خۆ دەگرێت.

لە هێرشی هێزەکانی ئیتلاعات بۆ سەر مزگەوتێک لە سەقز ٢٧٩ هاووڵاتی نە تۆمەتی هاوکاریی لە جەریاناتی \"سەلەفی\" دەستبەسەر کران.

هەروەها بەشداریی خەڵک لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان کە لەمەڕ مەرگی گوماناویی فەریناز خۆسرەوانی ڕووی دا بە ١٨٦ کەس و بەشداریی خەڵکی سنه بۆ پشتیوانی لە کوردەکانی تورکیە لە بەرانبەر ئەرتەش ٢١ حاڵەت و بەشداریی مامۆستایانی قوتابخانە لە مانگرتنە گشتییەکان بە ٣٢ حاڵەت زیاترین ئاماری دەستبەسەرکرانەکان لە خۆ دەگرێت.

هەروەها لە مانگرتنی مامۆستایانی قوتابخانە ٦٨ کەس بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بانگهێشت کران.

ناڕەزایەتییەکانی خوێندکاران دوای ڕێککەوتنی ناوکی و ناڕەزایەتیی دەربڕین بە دۆخی نالەباری وڵات ١٠ خوێندکاری کوردی بە شێوەی گرووپی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بانگهێشت کران.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە تازەترین ڕاپۆرتی خۆیدا لە ساڵی ڕابردووی زایینی (٢٠١٥) ڕایگەیاند بەرپرسانی ئێران بە \"دروستکردنی بەربەستی توند لە بواری ئازادیی ڕادەربڕین یا کۆبوونەوەکان\" درێژەیان داوە.

لە کۆی ئاماری بانگهێشت و دەستبەسەرکراوەکان بەگوێرەی ناوەکان، دەرخەری ئەوەیە کە ١٩ ژن و ٣ منداڵی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ بوونیان هەیە.

مەحکوومەکان:

بەپێی ئەو ئامارە ٦٣ کەس لە هاووڵاتیانی ژورد بە تۆمەتی سیاسی \"ئەمنییەتی\"، لە لایەن دادگانی شۆڕشی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ١١٤ ساڵ و ٩ مانگ و ٩ ڕۆژ زیندان، ٢٨٣ زەربە شەڵاق و ٤٠ میلیۆن تمەن جەریمە نەختی مەحکووم کراون. (١١ چالاکی فەرهەنگی کە ٧ خوێندکار، ١ ڕۆژنامەوان، ١ سینەماکار، ٢ چالاکی مافی منداڵان و ژنان، ٢ مامۆستای لە خۆوە گرتووە ـ ٤ زیندانی سیاسی، ٣ چالاکی سیاسی، ١٠ چالاکی کرێکاری، ٣ چالاکی سوننە مەزهەب، ٥ کۆڵبەر)
هەمووی ئەو کەسانە بە تومەتگەلی وەک \"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەویی\" و \"پڕۆپاگەندا دژی نیزام\" تاوانبار ناسراون.

هەروەها پۆلیسی ئێران لە ڕاپۆرتی ساڵانەی چالاکییەکانی سەر سنوورەکان بۆ یەکەم جار بە شێوەی فەرمی باسی لە دەستبەسەرکرانی ١١٠ هاووڵاتی لە کوردستانی ئێران لەژێر ناوی \"ضد انقلاب\" کرد.

بە مانایەکی دیکە ئەو ئامارە، ئەو کۆڵبەرە کوردانە لە خۆووە دەگرێت کە لەژێر ناوی \"ضد انقلاب\" دەستبەسەر و دژی ئەوا حوکمی دادگا دەرکراوە.

ئاماری ئەو ١١٠ کەسە لە حاڵێکدایە کە بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئاژانسی کوردپا تەنیا ئاماری دەستبەسەرکرانی ١٢ کەس و مەحکووم بوونی ٥ کۆلبەری کورد لە ڕاگەیەنەکان بڵاو بووەتەوە.

ئەحمەد شەهید، لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا باسی لەوە کردووە کە حووکمی قورس دژی کەسانێک دەر دەرکرێت کە کەڵکیان کە مافی ڕادەربڕێنی خۆیان کردووە. ئەو حووکمانە بە تاوانی وەک \" پڕۆپاگەندا دژی نیزام\"، \"سووکایەتی بە کەسانی سیاسی و مەزهەبی\" و \"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\" دەرکراوان.

ئیعدام:

لە ڕەوتی ٣٨ حاڵەت ئیعدامی هاووڵاتیانی کورد، سیروان نژاوی و بێهروز ئاڵخانی لەو زیندانییە سیاسیانە ئەژمار دەکرێن کە لە زیندانەکانی تەورێز ە ورمێ ئیعدام کراون.

حوکی ئیعدامی ٣ زیندانی سیاسی دیکە بە ناوەکانی دیاکۆ ڕەسووڵ زادە، سابیر شێخ عەبدوڵڵا و حوسێن عوسمانی لە ئەو ساڵدا دەر کراوە.

هەنووکە ٢٣ زیندانی سیاسیی دیکەی کوردی مەحکووم بە ئیعدام لە زیندانەکانی ئێراندا بوونیان هەیە.

هەروەها ٢ لاوی کورد بە ناوەکانی هێمن هەورامی و ئاسۆ سۆهرابی بە تۆمەتی کوشتن بە ئیعدام مەحکووم کراون.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان،لانیکەم ٣ زیندانیی کورد لە تەمەنی مێرمنداڵی و ژێر ١٨ ساڵ دەستبەسەر و بە ئیعدام مەحکووم کراون و لە زیندانی سنەدا دەستبەسەر کراون.

دەرچوونی حوکمی ئیعدامی ئەو دوو لاوە کوردە لە حاڵێکدایە کە بەپێی کۆنوانسیۆنی مافی منداڵان کە ئێران ئەندامییەتی ئیعدامی منداڵانی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ قەدەغەیە.

کۆمیتەی مافی منداڵانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکا لە دوایین بڕیارنامەی خۆیدا داوای ڕاگرتنی ئیعدامی منداڵانی لە کەمترین ماوەدا کردووە و هۆشداری داوە کە دەوڵەتی ئێران دەبێ مافی سەر بە کەمینە مەزهەبی، قەومی و ڕەگەزی تەواو لەبەرچاو بگرێت.

تەقینەوەی مین:

لە کۆی ٣٦ هاووڵاتی کورد کە بە هۆی تەقینەوەی مین کوژرا و بریندار بوونە ٥ منداڵی ١٠ تا ١٧ ساڵان بریندار و یەکێکی دیکەش گیانی خۆی لە دەست داوە.

هەروەها لە نێوان ئاماری کوژراو و بریندارەکانی بە هۆی مین ئاماری ٣ ژن دەبینرێت.

بە گوتەی عوسمان موزیەن، پارێزەری دادگوستەری؛ لە یاسا قەزاییەکانی ئێران جیاوازییەک نێوان کوژراونی مین لە نێوان منداڵان و گەورەساڵاندا نیە.

خەسار دیتووەکانی تەقینەوەی مین بە جۆرێک قوربیانی شەڕ ئەژمار دەکرێن، بەڵام بەو حاڵەش لە خزمەتگوزارییەکانی کە بۆ قوربانیان و بنەماڵەی کوژراوەکانی جەنگ هەیە، بۆ ئەو کەسانە لەبەر چاو ناگیرێت.

مانگرتن و دۆخی زیندانیانی سیاسی:

لەو ماوەیەدا، ١٢ زیندانیی سایسی بە هۆی هەڵسوکەوتی نەگونجاوی بەرپرسانی زیندان، دۆخی نالەباری جەستەیی و پێڕانەگەیشتنی پزیشکی دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن.

هەروەها ٥٧ زیندانیی سیاسی دیکەش دۆخی جەستەیی زۆر نالەباریان هەیە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەمەڕ خۆبواردنی بەرپرسان بۆ پێڕاگەیشتنی پزیشکی بە زیندانیان بە توندی ڕەخنەیان گرتووە.

کەمتەرخەمی پزیشکی:

مردنی ٧ منداڵی ٦ تا ١٥ ساڵان بە هۆی کەمتەرخەمیی پزیشکی لە حاڵەتەکانی دیکەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بووە.

بازنمود:

بەپێی دوایین و نۆهەمین ڕاپۆرتی ئەحمەد شەهید یاسا و کردەوەی حکوومەتی ئێران بە تەواوەتی لەگەڵ مافی کەمینە ئێتنیکی و مەزهەبییەکان ناکۆکی هەیە. چالاکانی فەرهەنگی و زمانی لە کوردستان دەستبەسەر و دواتر بە تۆمەتی هەوڵدان دژی تەناهی نەتەویی، زیندانی وتەنانەت ئیعدامیش کراون.

ئەوەش لە حاڵێکدایە کە محەممەدجەواد لاریجانی، سەرۆکی ستادی مافی مرۆڤی قوەی قەزایی ئێڕان ڕاپۆرتی ئەحمەد شەهیدی \"آبکی\" و \" غیر قابل استناد\" لە قەڵەم داوە.

پێشتریش عەبدولکەریم لاهیجی، سەرۆکی فێدراسیۆنی نێودەوڵەتی کۆمەڵگای مافی مرۆڤ، لە بواری ئەوەیکە \"دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران تا چ ڕادەیەکه\" قسەی کردبوو و دۆخی زیندانیانی سیاسی زۆر خراپ وەسف کردبوو.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هەموو ساڵێک لە لایەن شووڕای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ تاوانبار دەکرێت.

درێژەی سەرکوت و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ

خشتەی (٢)

حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە بواری چالاکییەکان لە ناوچە کوردنشینەکان (١٣٩٤)

\"29820.jpg\"

زیندانیانی سیاسی لە ئێراندا زۆرتر ئەندامانی گرووپە سیاسییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، وێبلاگنووسان و ڕۆژنامەوانان، چالاکانی کرێکاری و کەمینە مەزهەبییەکان لەخۆوە دەگرێت. ئەو کەسانە بە تۆمەتی زۆر ناڕوون کە قوەی قەزایی ئێران ئیدعا دەکات هەڕەشە بۆ \"تەناهی نەتەوەیی\" ئەژمار دەکرێن لە زیندانەکان دان.

لە زۆربەی حاڵەتەکاندا زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی لە دەستپێڕاگەیشتن بە دادگایی دادپەروەرانە و پارێزە بێبەشن. زۆربەی ئەو کەسانە دوای دەستبەسەرکران چەندین مانگ بێ هیچ لێپرسینەوەیەک لە گرتووخانە و ژورەتاکەکەسییەکانی ڕادەگیرێن و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بە هۆی ئەشکەنجە و لێدان و کوتان ناچار بە دان پێدانانیان دەکەن.

بەپێی یاسای نوێ ئایین دادڕەسیی کەیفەری ئێران لە \"تاوانەکانی دژ ئەمنییەتی نێوخۆیی و دەرەوەی وڵات و هەروەها تاوانەکانی ڕێکخراو\" تاوانباران لە قۆناغی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی دەبێ پارێزەر خۆیان لە نێو ئەو پارێزەرانە هەڵبژێرن کە سەرۆکی قوەی قەزاییە هەڵیبژاردوون.

ئەوەش لە حاڵێک دایە کە عەلی‌ئەسغەر جەهانگیری سەرۆکی ڕێکخراوی زیندانەکانی ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ٣١ـەمین دانیشتنی شووڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووە گوتبووی: \"لە وڵاتی ئێمەدا زیندانیی سیاسی بەپێی ئەو پێناسەی لە زیندانەکانی جیهاندا پێناسە کراوە نیە و ئێمەش ژمارەیەکی زۆر کەم زیندانیی ئەمنییەتیمان هەیە. سەرەتای مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٤ هەتاویش وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی حەسەن ڕووحانی لە وتووێژ لەگەڵ شەبەکەی تەلەفیزیۆنی پی بی ئێسی ئامریکا گوتبویی بوونی هەر کەسێک کە لە پێوەندی لەگەڵ ڕادەربڕینی بیر و باوەڕ لە زیندانەکانی ئێرانی ڕەت کردبووە\".

ڕۆڵی ڕاستەوخۆی ناوەندە حکوومەتیەکان لە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران

خشتەی (٣)

ناوەندەکانی هۆکار لە دەستبەسەرکردنی ‌هاووڵاتیان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران (١٣٩٤)

\"29821.jpg\"

بەپێی خشتەی (٣) زیاترین هۆکاری دەستبەسەرکرانی هاووڵاتیانی کورد هێزە ئەمنییەتییەکان بوونە.

لە راپۆرتی جیهانی ساڵی ٢٠١٥ی چاودێری مافی مرۆڤ‌دا هاتووە کە \"کەسانی سەرکوتگەر لە هێزە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکان و دەزگای قەزایی ئێران دەسەڵاتێکی بەربڵاویان هەیە و تاوانی گەورە ئەنجام دەدەن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتی و قوەی قەزاییە یەکێک لە ئەسڵیترین پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران ئەژمار دەکرێن.

هەروەها سارا لی ویستۆن، بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ ڕایگەیاندووە؛ هێزە ئەمنییەتییەکان ساڵانێکی بەردەوامە کە بە پشتیوانی تەواو ئازادییە بنەڕەتییەکان سەرکوت و خەڵک ئەزیەت دەکەن.

لەو پێوەندییەدا، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە، دەستێوەردانە نایاساییەکان و تەسوویە حیسابی سیاسی کە بە شێوەی نیابەتی زۆرتر لە لایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات و جارجارەش لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسداران بە بیانووی \"پاراستنی ئەمنییەتی نەتەوەیی\" ئەنجام دەدرێت، بووەتە هۆ ئەوەیکە ئەمنییەتی هاووڵاتیان تێک بچێت.

لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەرەڕای هێزی ئینتزامی وەکوو ناوەندێکی فەرمی بەرپرس لە گرتن و دەستبەسەرکردن، ڕێکخراوەکانی هاوتەریب و ئاڵۆز وەک ئیدارەی ئیتلاعات، سپا، بەسیج و ‌هێزەکانی ناسراو بە لیباس شەخسی کە زۆرتر سەر بەو سێ ڕێکخراوەن، هەم ئیختیاری دەستبەسەرکردن، تەنانەت بێ حوکمی قەزایی و بێ بەبەستی سیاسی و زەمانیان هەیە.

چارەنووسی نادیار:

لە بواری ٤٥٥ حاڵەت کە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی دەستبەسەر کراون، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ٦٠% ئەو کەسانە ناڕوونە، خانووی ٢% ئەو کەسانە لە کاتی دەستبەسەرکران لە لایەن هێزە قەزایی و ئەمنییەتییەکان هێرشی کراوەتە سەر و پشکێندراوەتەوە، کەرەستەی ٥% ئەو کەسانە زەت کراوە و ٢% ئەوانیش لە کاتی دەستبەسەرکرانیان دراونەتە بەر کوتان و لێدان.

جاڕنامەی پشتیوانی لە کەسانی \"بێ‌سەروشوێن کراوی ئیجباری\" بێ‌سەروشوێن‌کردنی ئیجباری هۆکاری خۆبواردن لە لێکۆڵینەوە لە بارەی دۆزینەوەی چارەنووس یا شوێنی ڕاگیرانی کەسانی پێوەندییدار بە وەدرۆخستنەوەی بیروڕا بە بێبەش لە ئازادی لە قەڵەم داوە و ئەو کردەوەیەش بە لاوازکردنی قووڵترین بەهاکانی هەر کۆمەڵگایەکی پابەند بە سەروەریی یاسا، مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان ڕاگەیاندووە و ئەو ڕەوتە سیستماتیکەی \"تاوان دژی مرۆڤایەتی\" ڕاگەیاندووە.

بەپێی بەندی ٦ی ماددەی یاسای ڕێزگرتن لە ئازادییە مەشروعەکان و پاراستنی مافی هاووڵاتی، هەر جۆرە ئازار و ئەزیەتێک و سووکەیاتی کردن لە کاتی دەستبەسەرکرانی قەدەغە ڕاگەیاندووە.

بەپێی ماددەی ٢٤ی یاسای ئایینی دادوەری کەیفەری لێکۆڵینەوەی ماڵ، شوێن و کەرەستە و زەوتکردن لە تاوانی ناڕووندا دەبێت بە ئیزنی تایبەتی بەرپرسانی قەزایی بێت، هەرچەند بەڕێوەبردنی لێکۆڵینەوەکان بە شێوەی گشتی لە لایەن بەرپرسانی قەزایی بە مەئموورەکە ئەسپێر درابێت، بەڵام زۆربەی حاڵەتەکانی دەستبەسەرکران بێ لەبەرچاوگرتنی ئەو یاسایانە بەڕێوە دەچێت.

چاودێری مافی مرۆڤ لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا، ئێرانی بەوە تاونبار کردووە کە دەیان کەسی تەنیان بە هۆی کەڵک وەرگرتن لە مافە سەرەتاییەکان دەستبەسەر کردووە.

تاوتوێکردنی ڕوانگەی دەزگا ئەمنییەتییەکان لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، دەرخەرەی ئەوەیە کە شاردنەوەی هاووڵاتیانی دەستبەسەر کراو بە سێ مەبەستی ڕوون ئەنجام دەدرێت.

١ـ شاردنەوەی مردن بە هۆی ئەشکەنجەی کەسی دەستبەسەر کراو کە دەبێتە هۆی ناڕەزایەتیی بەرینی ڕاگەیاندنەکانی دژی حکوومەت.

٢ـ پێشگرتن لە لێکۆڵینەوە لەبارەی دۆزینەوەی چارەنووسی کەسی دەستبەسەر کراو یا شوێنی دەستبەسەر کران و زۆر جاریش وەدرۆخستنەوەی دەستبەسەرکران بە مەبەستی دەستپێڕانەگەیشتن بە کەسی دەستبەسەرکراو بە پشتیوانی یاسایی و دۆزینەوەی ڕاستییەکان.

٣ـ بوونی فەزای ترس و تۆقێنەر بۆ دانپێدانانی ئیجباری و چەسباندنی تۆمەتگەلی داڕێشتراو کە زیاتر لە ماویەکی زەمانی کورتدا ئەنجام دەدرێت.

دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٩٧٦ی زایینی بە \"پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافی مەدەنی و سیاسی\" پەیوەست بووە بەپێی بەندی ٢ ماددەی ٩ی ئەو پەیماننامەیە هەر کەسێک دەستبەسەر دەکرێت لە کاتی دەستبەسەرکرانی دەبێ لە هۆکارەکەی ئاگادار بێت و لە زووترین کاتدا ئیختیارییەکی لەمەڕ تاوانەکەی کە وەپاڵی دراوە پێی بدرێت.

لە کاتی بە دەسەڵات گەیشتنی عەلی خامنەیی وەکوو ڕێبەری ئێران، ژمارەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە ئێران لە ٥ ناوەند گەیشتووەتە ١٦ ناوەند.

کوشتاری مرۆڤەکان

خشتەی (٤)

جۆری کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەران و هاووڵاتیانی سڤیل لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران (١٣٩٤)

\"29822.jpg\"

بەپێی خشتەی (٤) زۆربەی کۆڵبەران و هاووڵاتیانی مەدەنی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان کوژراون.

لە ڕەوتی کوژران و بریندارکردنی کۆڵبەران و هاووڵاتیانی مەدەنی دوو کۆڵبەری ١٧ ساڵە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان کوژراون.

کردنە ئامانجی کۆڵبەرانی کورد و کوشتنی ئەوان لە کاتێکدایە کە زۆربەی هاووڵاتیانی کورد بە هۆی دۆخی نالەباری ئابووری، نەبوونی دەرفەتی کار و بێکاری لە ناوچە کوردنشینەکان، ناچار ڕوو لە کۆڵبەری دەکەن و لەگەڵ مەترسی مەرگ بەرەڕوو دەبنەوە.

فەتحووڵڵا زەمانیان، سەرۆکی پۆلیسی بەرەنگاربوونەی لەگەڵ قاچاخی کاڵا و پارەی پۆلیسی ئاگاهی هێزە ئینتزامییەکانی ئێران لە خەرمانانی ئەمساڵدا ڕایگەیاندبوو: \"لە ئەگەری سەرنج نەدان بە کۆڵبەران و باقی قاچاخچییەکان بە بڕیاراتی پۆلیس، لە خاڵی سفری سنووری تەقەیان لێ دەکرێت\".

بەپێی ماددەی ٣ی یاسای بەکارهێنانی چەک لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلایی ئێران، تەنیا هێزی نیزامی لە کاتێکدا دەتوانێت چەک بەکار بێنێت کە گیانیان لە مەترسی دابێت یا تاوانبار بیهەوێت ئەو کەسانەی هێزە نیزامییەکان بکوژێت.

لە بەندی ٣ی ئەو یاسایەدا هاتووە، هێزە نیزامییەکان بە هێچ شێوەیەک ناتوانن بۆ یەکەم جار تەقە لە تاوانبار بکەن.

کارناسان و مافناسان لەو باوەڕەدان، بە پشت بەستن بە خودی یاسای بەکارهێنانی چەک، تەقە لە کۆڵبەرانی کورد پێشێکردنی یاسایە.

بازنمود یاسا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان

بە وتەی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هێزە نیزامییەکان دوای دیتنی کۆڵبەران تەقەیان ڵی دەکەن.

بەپێی یاسای بەکارهێانی چەک لە حکوومەتی ئێران، دەبێت ئەو کەسەی ڕاوەدوونان دەکرێت دەبێت بە دەنگ ئاگادار بکرێتەوە و دواتر بە تەقەی هەوایی و لە کۆتاییدا لە نێوقەد بەرەو خوار تەقەی لێ بکرێت.

هێزە نیزامییەکان لە حاڵێکدا کۆڵبەران دەدنە بەر تەقە کە یاسای سزای ئیسلامی کردوەی ئەو توێژە وەکوو تاوان \"هێنانە ژووری کاڵای قاچاق\" و زۆر جاریش \"هاتووچۆی نایاسایی لە سەر سنوورەکان\" لە قەڵەم دەدات کە سزای ئەو تاوانە لە چەند مانگ و جەریمەی نەختی بەرانبەر بە کاڵای زەوتکراو لە بەرچاو دەگیرێت.

هەروەها بەپێی بەندی ئەلفی ماددەی ٢ی یاسای قاچاخ، ئەگەر کاڵای قاچاخ کەمتر لە یەک میلیۆن تمەن بەهای بێت هیچ جۆرە سزایەکی نیە و لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا ئەگەر ئەو کاڵایەی زوەت دەکرێت کەمتر لە پێوانەی خۆی بێت هێچ جەریمەیەکی نیە و تەنیا دەست بەسەر کاڵاکە ڕۆ دەگرن.

ڕوانگەی یاسایی:

محەممەدساڵح نیکبەخت؛ ئەگەر هەر کام لە ناورۆکە یاساییەکانی نووسراوە کە یاسای بەکارهێنانی چەک لە لایەن هێزە نیزامییەکان لەبەرچاو نەگیرێت، حاڵەتی مردن وەکوو \"کوشتنی عەمدی\" ئەژمار دەکرێت و بکوژیش بەپێی یاسای قساس حوکمەکەی ئیعدامە.

حکوومەتی ئیسلامی، کۆڵبەران بە هۆی ئەوەیکە کاڵای قاچاق جێبەجێ دەکەن، تاونبار دەناسرێن کە ئەوەش بەپێی تاوانی وەپاڵدراو و لە بورای یاسایی لەگەڵ گومان بەرەوڕوویە.

بە گوتەی ساڵح نیکبەخت مافناس و پارێزەی کورد، هەموو دۆسییە قەزاییەکانی هاووڵاتیانی مەدەنی کە لە لایەن هێزە چەکدارەکان کەوتوونەیە بەر ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ بەو ئەنجامێکی ڕوون و دیار نەگەیشتوون چونکە مەئموورە نیزامییەکان لە دادگان بەپێی ئەویکە \"سەرەتا هۆشداری داوە، دواتر بە دەنگ ئاگاداری کردووتەوە و تەنانەت بە تەقەی هەوایی خۆیان بێ گوناح نیشان داوە.

بە گوتەی ئەو پارێزەرەی دادگوستەری، لە ئەگەری تەقە لە ناوقەد بۆ خوارەوە، بە بیانووی ئەوەیکە مەودای دوور بووە بەرپرسیارەتی مردن و بریندارکردنی ‌هاووڵاتیانی سڤیل لە کوردستان وە ئەستۆی خۆیان ناگرن.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: ئەگەر کەسێک سەرنشینی ماشێنێک بێت، دەبێ سەرەتا تاێری ماشێنەکە بپێکێت و دواتر شۆفیرەکە دەستبەسەر بکار، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دیتراوە کە هێزە نیزامییەکان ئەو ماددەی یاساییە لەبەرچاو ناگرن.

تەنانەت زورجار دیتراوە کە هێزە نیزامییەکان لە جاددەکانی هاتووچۆدا ماشێنی هاووڵاتیانیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و دواتر ئاشکرا بووە کە ئەو ماشێنە هیچ بارێکی نایاسایی پێ نەبووە.

پێشتریش محەممەدساڵح نیکبەخت لەبارەی مردنی کۆڵبەرانی کورد و ئاکامی پەروەندەی قەزایی ئەوان بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاندبوو: ئەگەر هەر کام لە ناورۆکی یاسایی نووسراوە لە یاسای بەکارهێنانی چەک لە لایەن نیزامییان لەبەرچاو نەگیرێت، حاڵەتی مردن وەکوو \"کوشتنی عەمد\" ئەژمار دەکرێت و بکوژیش بەپێی یاسای قساس حوکمەکەی ئیعدامە.

بە گوتەی نیکبەخت، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو هەموو حاڵەتەکانی مردنی کۆڵبەرانی کورد بە شێوەی \'\'ئەنقەست\" و \"عەمدی\" ئەنجام دراون و لێپیچینەوەی یاساییان بۆ نەکراوە.

ئەحمەد شەهید ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخروای نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتی خۆیدا نووسیویەتی کە هاووڵاتیانی ناوچە سنوورییەکان بە هۆی بێکاری، هەژاری، هەڵاوسانی لە ڕادە بەدەر لە ناوچە سنوورییەکان دەکەونە بەر تەقەی ڕاستەخۆی هێزە نیزامییەکان.

لە ڕاپۆرتی ساڵانەی لێبوردنی نێونەتەوەییدا جەخت کراوەتە کە دوای هاتنەسەرکاری حەسەن ڕووحانی، دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران هیچ باشتر نەبووە و دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا و پێشێلکردنی سیستماتیک لە لایەن ڕێژیمی دەسەڵاتدار بەردەوام و زۆرجاریش زیاتر بووە.

\"بەکارهێنانی زانیارییەکانی ئەو ڕاپۆرتە بە ناوهێنانی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هیچ بەربەستێکی نیە\"

ئامادەکار: کۆچ