ساڵی ٩٣/ مەرگی كچێكی دیكە ئاماری خۆكوژی خوێندكارانی گەیاندە ٤ كەس

20:21 - 24 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی كوردپا: كچە خوێندكارێكی كوردی دانیشتووی شاری سەقز هەوڵی خۆكوژی دا و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر سومەیە مەلەكی خوێندكاری كورد لەرێگەی خۆهەڵواسینەوە كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە هۆكاری خۆكوژی ئەو خوێندكارە تەمەن ٢٧ ساڵەیە نادیارە، تەرمی سومەیە بە مەبەستی پشكنینی پزیشكی رەوانەی پزیشك قانوونی شاری سەقز كراوە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار كراو لەناوەندی ئاماڕی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ٤ خوێندكاری كورد گیانی خۆیان لەدەست داوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی كە بڵاوكراونەتەوە، مەرگی دوو كەس لەو خوێندكارانە لەرێگەی خۆكوژییەوە بووە و مەرگی دوو خوێندكارەكەی دیكەش گوماناوی راگەیەندراوە.

هەرلەو پێوەندییەدا حەفتەی رابردوو شیلان رۆشەندڵ خوێندكاری رشتەی زانستەسیاسییەكانی زانكۆی ورمێ‌رۆژی شەممە رێكەوتی ١٧‌ی خەزەڵوەر گیانی خۆی لەدەست دابوو.

پزیشكی قانوونی هۆكاری مەرگی شیلانی \" دەرمانداوكردن بە حەبی سیانوور\" راگەیاندبوو.

بەوتەی نزیكانی بنەماڵەی شیلان و بە پشت بەستن بەراپۆرتی ئیدارەی پزیشك قانوونی ئەو كچە لەرێگەی \"كوشتن\"ـەوە گیانی لەدەست داوە.

زۆربەی خەسارناسانی كۆمەڵایەتی هۆكاری چوونەسەری خۆكوژی لەنێوان خوێندكاران بە زیاد بوونی فشارە كۆمەڵایەتییەكان لەقەڵەم دەدەن.

بەوتەی راوێژكاری وەزیری زانست، خۆكوژی بە دووهەمین هۆكاری سەرەكیی مەرگی خوێندكاران دێتە ئەژمار.