ساڵڕۆژی رووداوی نەشكاش وەكوو رۆژی هاوخەمی لەگەڵ قوربانیانی مین دیاری كرا

14:48 - 26 رەزبەر 2714
ئاژانسی كوردپا: لەساڵڕۆژی رووداوی تەقینەوەی مین لەئاوایی نەشكاشی مەریوان، رۆژی هاوخەمی و هاودەردی لەگەڵ بریندار و قوربانیانی مین راگەیەندرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئەمڕۆ شەممە رێكەوتی ٢٦‌ی رەزبەر یەكەمین سالڕۆژی رووداو و كارەساتی تەقینەوەی مین لەئاوایی نەشكاشی سەر بە مەریوانە، كە تێیدا حەوت منداڵ بە توندی بریندار بوون.

هەر بە بۆنەی ئەو كارەساتەوە \" كۆمەڵی ئێرانی بێ‌مین\" و ژمارەیەك لە چالاكانی مەدەنیی لە راگەیەندراوێكدا رۆژی ٢٦‌ی رەزبەریان وەكوو رۆژی هاودەردی دەربڕین لەگەڵ قوربانیانی مین ناودێڕ كرد.

لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە، \"وەرن لەگەڵ یەكتر و لەتەنیشت یەكتر، هاوڕێ و پشتیوانی ئەو كەسانە بین كە بوونەتە قوربانیی دەستی شەڕێك كە ٢٦ ساڵ لەمەوبەر تەواو بووە\".

هەتا ئێستا ناوی ئەو كەسانەی كە راگەیەندراوەكەیان واژۆ كردووە بڵاو نەبۆتەوە.

تەقینەوەی مین لەنەشكاش لەكاتێكدا رووی‌دا كە منداڵانی كورد لەو ئاواییەدا لە نزیك كۆنە پایگاكانی سپای پاسداران سەرقاڵی یاری كردن بوون.

گەشبین كەریمی، ئاڵا رۆبینا، مەتین رەخش بەهار، خەبات كەریمی، بێهنووش زیایی موقەدەم، سینا دژئاهەنگ و زانا ناوی ئەو ٧ منداڵە بوون كە لەكاتی یاری كردندا بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار بوون.

پێشتر دایكی گەشبین كەریمی لەوتووێژێكدا لەگەڵ هەواڵنێری ئاژانسی كوردپا باسی لە دۆخی نالەباری جەستەیی كچەكەی كردبوو و وتبووی: بەپێی بڕیارێك گەشبینیان وەكوو \" جانباز(گیان فیدا)\" ناساندووە، بەڵام رێژەی بریندار بوونەكەی نادیارە و رۆژ لەگەڵ رۆژیش ئاسەواری خرابی تەقینەوەكە لەسەر جەستە و دەروونی كچەكەم زیاتر كاریگەری دادەنێ‌.

بەپێی دوایین زانیاری و ئامارەكان، لەماوەی ساڵەكانی ١٣٦٧ هەتا ١٣٩١ نزیك بە دوو هەزار هاووڵاتیی لە ئوستانەكانی ئیلام، ئازەربایجانی رۆژئاوا، كرماشان و كوردستان بە هۆی تەقینەوەی مینەوە گیانیان لەدەست داوە.

هەر لەو ماوە دیاری كراوەشدا چوار هەزار و ٧٢٧ كەسیش بریندار بوون.