ساڵح نیکبەخت، پارێزەی پلەی یەکی کورد ڕوو لە هەر چوار بەشی کوردستان و وڵاتان بانگەوازێکی بڵاو کردەوە

14:17 - 23 خاکەلێوه 2720

ساڵح نیکبەخت، پارێزەری پلەی کورد لە بانگەوازەکەیدا، وێرای ئاماژەکردن بە دۆخی خراپی دوو بەشی کوردستان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، داوای لە هاووڵاتییان لە ناخۆ و دەرەوەی وڵات کرد یارمەتیی خەڵکی کوردستان بدەن.

دەقی ئەم بانگەوازە بەم جەشنەیە:

بانگەواز

خەڵكی بەشەرەفی كوردستان!

 لەم ڕۆژانەدا دۆژمنی نەبینراو و نەناسراو، واتە ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕووی كردووەتە هەر چوار پارچەی كوردستان و هەموو وڵاتەكان. ئێمە وەكوو نەتەوەی كورد نە دەسەڵاتی سیاسیمان هەیە و نە وەكوو نەتەوەی كەمینەیش ئەمانناسن و حیسابمان بۆ دەکەن. میراتخۆرەكانی خەلیفەكانی ئەستەمووڵ لەوەیش تێپەڕیون و ئاوی خواردنەوەیان بە ڕووی پتر لە ١٠٠٠٠٠٠ دانیشتووی ڕۆژئاوای نیشتماندا (حەسەكە و گۆندەكانی) بڕیوە و سەلماندوویانە کە دوابەدوای ئەوەی بە چەک نەیانتوانی تێکمان بشکێنن، ئێستا دەیانەوێ بە کۆرۆنا لە ناومان بەرن.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دۆخەکە لەمە باشتر نییە و وەک هەموو شارەکانی دیکەی ئێران، پێداویستیی نەخۆشخانەكان و پێداویستییە ڕۆژانەکانی هاووڵاتییان دابین ناكرێت و كوردستانییەكان جگە لە خۆیان هیچ یار و یاوەرێکی دیکەیان نییە. لەم كەشوهەوایەدا تەنیا خۆمانین کە دەبێ یارمەتیی كوردی مەینەتكێش بدەین.

من وەكوو پارێزەرێكی كورد كە تا ڕادەیەك دەردی خەڵكی كوردم بینیوە و چێشتووە، لە هەموو كوردێك لە هەر چوار پارچەی كوردستان و دەرەوەی وڵات، بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، داوا ئەكەم بەهەر شێوەیەك ئەتوانن یارمەتیی خەڵكی كوردستان و لە ڕاستیدا یارمەتیی خۆمان، بدەن. وەک نەریتێکی هەمیشە زیندووی ئەم وڵاتە، بە خۆشحاڵییەوە ئەم جارەش لە زۆربەی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كەمپەینی یارمەتیدانی هاووڵاتییان و بەگژاچوونەوەی بەڵای نگریسی کۆرۆنا دامەزراوە و لەم کەمپەینانەدا گەلێ چالاکی و تێکۆشانی بەنرخ و هەڵسوكەوتی باشمان بینیوە. تکا لە هەموو لایەک دەکەم ئێستا کە هیچ کەس و دەسەڵاتێک یارمەتیمان نادەن، با خۆمان بە بەشداریکردن یان یارمەتیدانی ئەو کەمپەینە مەدەنی و ئینسانییانە، وەک هەموو مێژووی پڕشانازیمان بەر بە گەورەتربوونەوەی ئەم کارەساتە نوێیەش بگرین.

هیوام دەستەبەرکردنی ئازادی و دادپەروەرییە بۆ کۆمەڵگا و نیشتمانەکەمان.

براتان ساڵح نیكبەخت