ساڵح نیکبەخت: دەوڵەتی ئێران، وەک بێگانەیەک هەڵسوکەوت لەگەڵ زیندانیانی سیاسیی کوردا دەکات

20:19 - 24 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: ماوەی ٢٦ رۆژ بەسەر مانگرتنی ٢٧ زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێدا تێپەڕ دەبێ و مەترسی بۆسەر گیانی ئەو مانگرتوانە لە ئارادایە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاوکات لەگەڵ ئەوەیکە مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدار، نیگەرانیی لای چالاکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤیش لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتیش زیاتر بووە.

لە رۆژی شەممە، رێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزەوە، ٤ گیراوی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ، مانگرتنی وشکیان راگەیاندووەو مەترسیی گیانی بۆسەر ئەو زیدناییە کوردانە لە ئارادایە.

ساڵح نیکبەخت، پارێزەری کورد لە دادگاکانی ئێران و پارێزەری ژمارەیەک لە زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی ورمێ، سەبارەت بە مافی زیندانیان بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ لە هەموو وڵاتانی جیهاندا کۆمەڵێک یاسا و بڕیاراتی دیاریکراویان بۆ نێو زیندانەکان هەیە و لە وڵاتی ئێرانیشدا ئایینامەیەک بۆ راگرتنی زیندانیانیەکان لە زیندانەکاندا هەیە، کە یەکێک لەو خاڵانەی تێیدایە، زیندانییەکان دەبێ بەپێی جۆری تاوان، تەمەن، رەگەز و دۆخی پەروەندەکەیان لێک جیا بکرێنەوە.

ئەو پارێزەرە کوردە، کە بۆ ماوەی چوار ساڵ لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا زیندانیی سیاسی بووە، گوتیشی؛ \"من ئەوکات کە لەزینداندا بووم زیندانییە سیاسییەکانیان لە زینداییانی تاوانە کۆمەڵایەتی و گشتییەکان جیا دەکرانەوە، بەڵام بەداخەوە لە ئێستا زیندانەکانی \"رۆژئاوای ئێران\"، کە زۆربەی زیندانییەکان هاووڵاتییانی کوردن، زیندانییە سیاسییەکان تێکەڵی تۆمەتبارانی ماددە هۆشبەرەکان دەکرێن\".

\"23658.jpg\"
رێکخراوی زیندانەکان، دەزگای قەزایی و ناوەندە ئەمنییەکانی دەوڵەتیش، بەداخەوە وەکوو کەسێکی بێگانە هەڵسوکەوت لەگەڵ زیندانییانی سیاسیی کورد و بنەماڵەکانیاندا دەکەن
نیکبەخت کە بۆ ماوەی ٣ ساڵ و نیو لە زیندانەکانی حکوومەتی پاشایەتیشدا لە زیندانی \"قەسر\"دا بووە، دەڵێت: ئەوکات کە لەسەردەمی پاتشایەتیدا زیندانی بووم، ئەگەر زینداییەکی سیاسی لە زینداندا کارێکی هەڵەی بکردایە، بە شێوەیەکی کاتی و بەمەبەستی سزادان دەیانخستە بەندی زیندانیانی تاوانە گشتییەکان، بەڵام ئێستا زیندانییە سیاسیەکان لە زیندانەکانی رۆژئاوای ئێران بەتایبەت لە زیندانی ورمێ تێکەڵی زیندانییەکانی دیکە کراون\".

ئەو وتەبێژەی ئەنجومەنی داکۆکی لە زیندانیانی ئێران، کە ئەو ئەنجومەنە لەسەردەمی دەوڵەتداریی \"ئەحمەدی نەژاد\"، داخرا، باسی لەوەش کرد؛ داخوازیی زیندانیانی سیاسی کورد لە زیندانی ورمێ تەنیا جیاکردنەوەیان لە زیندانەکانی دیکە نییە، بەڵکوو هەڵسوکەوتی شیاو لەگەڵ بنەماڵەی زیندانیان لە کاتی ملاقات کردندا، روونبوونەوەی دۆخی پەروەندەی بەشێک لە زیندانییەکان، پاراستنی حورمەتی زیندانیی سیاسیش بەشێکی دیکە لە داخوازیی زیندانییانە.

نیکبەخت، کە شارەزای یاسا نێودەوڵەتییەکانە؛ دەڵێت: رێکخراوی زیندانەکان، دەزگای قەزایی و ناوەندە ئەمنییەکانی دەوڵەتیش، بەداخەوە وەکوو کەسێکی بێگانە هەڵسوکەوت لەگەڵ زیندانییانی سیاسیی کورد و بنەماڵەکانیاندا دەکەن.

دوکتور صاڵح نیکبەخت، کە بە یەکێک لە ناسراوترین پارێزەر لە دادگاکانی وڵاتی ئێران دادەندرێت، دەڵێت: داوا لە هەموو بەرپرسانی دەزگای قەزایی و حکوومەتی ئیسلامی دەکەم، وەکوو هەموو زیندانییە سیاسییەکانی دیکەی ئێران هەڵسوکەوت لەگەڵ زیندانیانی سیاسیی کورد و بەتایبەت زیندانییانی سیاسیی کوردی ورمێدا بکەن، چونکە زیندانییانی سیاسیی کوردیش مافی ژیانیان هەیە\".

ئاماژەی بەوەش کرد، زیندانییانی سیاسی، کە کەسانیکی خوێندەوار و رۆشنبیرن و بە گشتی لەگەڵ تاوانە گشتییەکان جیاوازیی زۆریان هەیەو لەگەڵ ئەوەشدا کەسانیکی خاوەن نەزمن و هەموو کارەکانیان بەپێی بەرنامەیە، هەر بۆیە تێکەڵکردنی زیندانیانی تاوانە گشتییەکان لەگەڵ زیندانیانی سیاسی، ستەمێکە کە هەم لە زیندانیانی ئاسایی و هەم زیندانیانی سیاسی دەکرێت، چونکە زیندانیی تاوانە گشتییەکان روانگە و تێگەیشتنیان لەگەڵ زیندانیانی سیاسی جیاوازە.

یوسف رەحمانی‌پوور، کە ماوەی ٢ ساڵ لە زیندانی ورمێدا زیندانیی سیاسی بووە، رۆژی رابردوو بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ بەندی زیندانییە سیاسییەکان بازداشتگای وەزارەتی ئیتلاعاتە و لەژێر کۆنتڕۆڵ و چاوەدێریی ئیتلاعاتی ورمێدایە و ئەو ئیدارەیە بڕیار بەسەر زیندانیانی سیاسیدا ئەدات.

نیکبەخت لەو بارەیەوە دەڵێت: بەپێی ئایینامەی شێوەی جیاکرەدنەوەی زیندانییان، کەسانێک کە لە دەورەی بازداشتی‌دان و دادگایی نەکراون یان حوکمیان بۆ نەبڕاوەتەوە، ئیدارەی ئیتلاعات و ناوەندە نیزامییەکان کە هەقیان پێدراوە \"لەسەر تۆمەتی سیاسی خەڵک دەستبەسەر بکەن، ئیزنی ئەوەشیان پێدراوە، کە لە نێو زیندانەکانیشدا شوێنێکیان بۆ راگرتنی زیندانییە سیاسییەکان هەبێت، بەڵام لە زیندانی ورمێ بەشێکی زۆر لە زیندانییە سیاسییەکان حوکمیان یەکلایی بۆتەوە ماوەی حوکمەکەیان تێپەڕ دەکەن، کە هەتا ئێستاش ئەو ناوەندانە بڕیاریان بەسەردا ئەدەن\".

ئا: ئارام حاجی‌پوور