ساڵانە ٦٠٠هەزار کەس لە ئێران زیندانی دەکرێن

20:25 - 2 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: ئاماری زیندانیان لە وڵاتی ئێران رووی لە زیاد بوون کردووە و ساڵانە ٦٠٠ هەزار کەس زیندانی دەکرێن.

هەواڵدەریی فارس لە زاری \"محەمەد زولقەدر\" جێگری بەڕێوەبەریی دەزگای قەزاییەوە بڵاوی کردەوە، لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا بە شێوەی نێونجی هەر ساڵە ٦٠٠ هەزار کەس بە هۆی تاوانی جۆراوجۆرەوە زیندانی کراون.

بەپێی ئاماری ناوەندی توێژینەوەی زیندانیانی جیهان لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا رێژەی زیندانیانی ئێران ١٢٠% زیادی کردووە، بەشێوەیەک کە لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا وڵاتی ئێران بە حەشیمەتی ٣٥ ملیۆن کەسەوە 10 هەزار زیندانی هەبووە کە لە ساڵی ١٣٩٠ بە حەشیمەتی ٧٥ ملیۆن کەس ئەو رێژەیە بۆ ٢٥٠ هەزار زیندانی زیادی کردووە.

زیاد بوونی ئەو رێژەیە لە کاتێک دایە کە زیندانەکانی ئێران بە شیوەی ستاندارد بۆ ٦٠ هەزار کەس دروست کراون و زۆربەی ئەو زیندانانە زیاتر لە نیو سەدەیە ساز کراون.

زۆرترین ئاماری زیندانیانی ئێران لە پارێزگا سنووریەکاندا تۆمار کراوە و لەلایەکی دیکەشەوە \"غوڵامحوسێن ئیسماعیلی\" بەرپرسی گشتیی زیندانەکانی ئێران رایگەیاندووە کە ٤٣% زیندانیان بە تاوانەکانی پەیوەندییدار بە مادە هۆشبەرەکان و ٢٨%یش بە تاوانی دزی کردن زیندانی کراون.

وڵاتی ئێران بە پێێ ژومارەی زیندانیان و عەشیمەتی ئەو وڵاتە، لە ناو وڵاتانی ئاسیاییدا لە پلەی سێیەم و لە ئاستی جیهاندا لە پلەی ٣٣یەمین دایە.