٣٠ ساڵ زیندانی بۆ دوو هاووڵاتیی کورد

13:56 - 2 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی ئەو شارە، به ٣٠ ساڵ زیندانی مەحکووم کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی پیرانشار، حوکمی ٣٠ ساڵ زیندانی بۆ دوو هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"محەممەد ئیبراهیمی\" کوڕی ئەحمەد و \"ناسح خالیدی\" کوڕی مستەفا بڕیەوە.

ناسح خالیدی، که دوای ئازادی بە دانانی بارمتە؛ زێدی خۆی بەجێ هێشتووه؛ لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری کوردپا باسی لەوە کردووە: \"لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی پیرانشار ئەو حوکمەی بە تۆمەتی \"هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگای هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران\" دەر کردووە.

ناوبراو باسی لەوەش کردووە، دوای دەسبەسەرکردنیان بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزران و دواتر محەممەد ئیبراهیمی بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرا.

لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی پیرانشار، هەر کام لەو دوو هاووڵاتییە کوردەی، بە ١٥ ساڵ زیندان مەحکووم کردووە.

ناسح خالیدی، کارمەندی نەخۆشخانەی شاری پیرانشار، ساڵی ٩٦ بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران دەسبەسەر کرا و دوای ٧٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.