سانسۆر بۆتە هۆی ئەوەی كە بەرهەمی شاعێرانی كوردستانی ئێران نەكرێنە فارسی

22:18 - 22 جۆزەردان 2712

 

كوردپا: چالاكی فەرهەنگی و وەرگێڕێكی كورد لەو باوەڕە دایە، لەبەر بوونی سانسۆر لە ئێران بەرهەمی شێعری شاعێرانی كوردستانی ئێران وەرناگێڕم، هەر بۆیە زیاتر سەرقاڵی وەرگێڕانی شاعێرانی هەرێمی كوردستانم.
ئاژانس و ناوەندەكانی راگەیاندن بڵاویان كردەوە، موختار شوكری‌پوور، چالاكی فەرهەنگی و وەرگێڕی كوردی دانیشتووی تاران، بژاردەیەك لە شێعری شاعێرانی ناودار و هاوچەرخی هەرێمی كوردستانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی و ئێستا ئامادەی چاپ و بڵاو كردنەوەیە.

ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، بە مەبەستی تیشك خستنە سەر ئەم مەسەلە و زانیاری لەمەڕ ئەو پڕۆژەیە، دیمانەیەكی كورتی لەگەڵ موختار شوكری‌پوور پێكهێناوە و لێرەدا لە زمانی خۆیەوە ئامانجی كارەكەی و هەروەها رەوتی وەرگێڕانی شێعر و ئەدەبی هاوچەرخی كوردی بۆ سەر زمانی فارسی بڵاو دەكاتەوە.

ئەو چالاكە فەرهەنگییە وتی: \"من لەمێژە سەرقاڵی كاری وەرگێڕانم و بەرهەمی هێندێك لە شاعێران و نووسەرانی هەرێمی كوردستانم لە رۆژنامەەكانی شەرق، هەمشەهری و ئیعتماد، حەفتەنامە و گۆڤارە ئەدەبییەكان لە تاران بڵاو كردۆتەوە، بەڵام لە ساڵی 84ەوە دەستم داوەتە كارێك بەناوی \"بژاردەیەك لە شێعری شاعێرانی هاوچەرخ و ناوداری كوردستانی عێراق\" و زۆر بە وردی كارم لەسەر كردووە و دەمهەوێ‌ كارەكە پوختە و رێكوپێك بێَت و دوڕدونگیم لەسەر هەیە، هەرچەند كارەكە ئامادەیە، بەڵام هێشتا چاپ و بڵاوم نەكردۆتەوە\".

موختار شوكری پوور، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە بۆچی زۆرێك لەو وەرگێڕانەی كە دەستیان داوەتە كاری وەرگێڕانی ئەدەبی كوردی بۆ سەر زمانی فارسی، زیاتر شێعری شاعێرانی هەرێمی كوردستان هەڵدەبژێرن و كار لەسەر شاعێرانی كوردستانی ئێران ناكەن، وتی: \"من لەو باوەڕە دام زۆربەی شاعێرانی گەورەی كورد لە هەرێمی كوردستانن و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە لەلایەك هەلومەرجێكی لەبار هەبووە و حەرەكەت و بزاوتی شێعری لەوێ‌ دەستی پێكردووە و لەلایەكی دیكەشەوە وەرگێرانی شێعری ئەوان بۆ سەر زمانی فارسی گرفتی نیە و لە ئیدارەی سانسۆری وەزراەتی فەرهەنگ و ئیرشاد پێش بە چاپ كردنیان ناگرن، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر بەرهەمی شاعێرانی كوردستانی ئێران بكرێنە فارسی، سانسۆر دەكرێن\".

ئەو شاعێرانەی كە شێعرەكانیان لەلایەن ئەو وەرگێڕە كراونەتە فارسی و لەو كۆمەڵەدا كە نزیك بە 300 لاپەڕەیە گونجێنراون، بریتیتن لە: شێركۆ بێكەس، لەتیف هەڵمەت، فەرهاد پیرباڵ، بەختیار عەلی، نەجیبە ئەحمەد، كەژاڵ ئیبراهیم خدر، شیرین كەماڵ ئەحمەد و هیوا قادر.

لە درێژەدا ئاماژەی بە رەوتی وەرگێڕانی شێعری كوردی و بۆ سەر زمانی فارسی كرد و بە حەرەكەتێكی هەتارادەیەك باشی لە قەڵم و دا و كارە وەرگێڕانەكانی فەریاد شیری شاعێر، وەرگێڕ و رەخنەگری كرماشانی بەرز نرخاند وتی: \"لەلایەن بەربێژانی فارسەوە زۆر بە باشی پێشوازیی لێكراوە و توانیویە پێگەی ئەدەبی كوردی بە باشی دەربخات و ئەو وەرگێڕە كوردە لە درێژەدا ئاماژەی بە كارە وەرگێڕانەكانی رەزا كەریم مەجاوەر و ئارەش سەنجابی و رەئووف مورادی و چەند كەسی دیكە كرد و راشیگەیاند، هێندێكیان نەیانتوانیوە زمانی راستەقینە، دەربڕین و سەمیمیەتی شاعێرانی كوردی عێراق بگوازنەوە بۆ سەر زمانی فارسی و لە كەموكووڕی بەدەر نین، بەڵام رەوتێكی باش بووە و توانیویانە سیمایەكی باش لە ئەدەبی هاوچەرخی كوردی لەلایەن خوێنەرانی فارس بخەنە روو\".

\"4831.jpg\"

 

موختار شوکری‌پوور، عەلی ئەشرەف دەرویشیان و بەهمەن قوبادی

لە وەڵامی پرسێارێكی دیكەی ئاژانسی كوردپا لەمەڕ بزاوتی فەرهەنگی و ئەدەبیی كوردی كە لە كرماشان و ئیلام دەستی پێكردووە، موختار شوكری‌پوور بەم چەشنە رای خۆی دەربڕی :\"ئەو بزاوتە فەرهەنگییە حەرەكەتێكی جیددی و جێگای خۆشحاڵییە و كەسانێكی زۆر بیرمەند و داهێنەر بە شێوەیەكی بەربڵاو لە كرماشان و ئیلام دەستیان پێكردووە و زاراوەكانی گۆران، كرماشانی، لەكی، فەیلی و هەورامی لە ژانری شێعردا خەریكن فۆرمی تایبەت بە خۆیان بدۆزنەوە و وتیشی:بەڵام هێندێك حەرەكەتیكی خراپ و نابەجێ‌ لەناو ئاخێوەرانی زاراوەكاندا دەبینرێ‌ كە یەكتر قبووڵ ناكەن و پێشبڕكییەكی نازانستی لە ئارا دایە و زاراوەكان وەك زمان لە قەڵەم دەدەن كە ئەمە بە قازانجی زمان و ئەدەبی كوردی نیە، هەرچەند ئەگەر بە شێوەی زانستی و ئاكادیمی توێژینەوە لەسە رزاراوە و بن زاراوەكان بكرێت دەڕواتە خانە خزمەت بە فەرهەنگی نەتەوە و بەگشتی حەرەكەتە بە ئاراستەیەكی باشدا رێگا دەبڕێت\".

ـ موختار شوكری‌پوور، ساڵی 1349ی هەتاوی لە شاری نۆدشەی سەر بە پارێزگای كرماشان لەدایك بووە.
ـ ساڵی 1378 بڕوانامەی زمان و ئەدەبی فارسیی زانستگای رازیی كرماشان وەرگرتووە.
ـ رۆژنامەنووس، شاعێر، و وەرگێری زمان و ئەدەبی كوردییە.
ـ لە بواری رۆژنامەنووسیدا لە رۆژنامەكانی: هەمشەهری، ئیعتماد، ئازاد و هەمبەستگی وتار و بابەتی فەرهەنگی و ئەدەبیی نووسیوە.
ـ لە ساڵی 1379وە جیا لە چالاکییەکانی دیکەی، چەندین بابەتی رەخنەیی و وتووێژی لە بواری شانۆ و سینەمادا نووسیوە.