"سامان یاسین" هونەرمەندی کورد بە "موحاربە" تۆمەتبار کرا

12:01 - 14 خەزەڵوەر 2722

"سامان یاسین" هونەرمەندی دەسبەسەرکراوی خەڵکی کرماشان، کە لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە پەیوەندی بە خۆپێشاندانە جەماوەرییەکان لە شاری تاران دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی بە "موحاربە" تۆمەتبار کرا.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو هونەرمەندە تەمەن ٢٧ ساڵەیە، ڕۆژی شەممە ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە دادگای گشتیی و ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەڵەواتی" لەگەڵ ٨ دەسبەسەرکراوی دیکە بە ناوەکانی "محەممەد قوبادلوو، مۆحسێن ڕەزازادە قەراقلوو، سەعید شیرازی، محەممەد برووغنی، ئەبوڵفەزڵ مێهری، حوسێن حاجیلوو، مەنوچێهر مێهماننەواز و سۆهەیل خۆشدڵ"، بەڕێوە چووبوو.

"سامان یاسین" لەو دادگایەدا بە "موحاربە لە ڕێگای تەقەکردن بە دەمانچە و  چەکی ژ٣" و "کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان لە دژی ئەمنییەتی میللیی" تۆمەتبار کرا. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئەو فیلمە کە لە دادگا بڵاو کراوەتەوە، سامان ڕوو لە دادوەر دەڵێت ئەو تەنیا "تفەنگ بادی" (چەکی چۆلەکە کوژ)"ی هەیە.

دادوەر "سەڵەواتی" ئەو هونەرمەندە کوردەی بە ئەنجامدانی ١١ جۆر کردەوە تۆمەتبار کردووە کە "سامان یاسین" ئەو تۆمەتانە ڕەت کردووەتەوە.

تۆمەتی "موحاربە" لەو جۆرە تۆمەتانەیە کە بۆ کەسی دەسبەسەرکراو، مەترسیی داسەپاندنی لە سێدارەدانی هەیە.

بەپێی ئەوەیکە لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامی بڵاو بووەتەوە، دادگاکانی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی خۆپیشاندەرانی ئەم دواییانە، لە حەوتووی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە و هەتا ئێستا  ٢٥ کەس لە پارێزگای کرمان، ٨٩ کەس لە پاریزگای سمنان، ١١٩ کەس لە  پاڕیزگای زەنجان، ١٠٥ کەس لە پارێزگای خووزستان، ٥٥ کەس لە پارێزگای قەزوین، ١١٠ کەس لە پارێزگای سنە، ٣١٥ کەس لە پارێزگای تاران و ٢٠١ کەس لە پارێزگای ئەلبورز، بەپێی یاسای سزادانی ئیسلامی، سزا دراون.

"سامان یاسین" هونەرمەندی کرماشانی گۆرانی‌گەلێکی زۆری لەمەڕ دۆخی کۆمەڵایەتی - سیاسیی کۆمەڵگای کوردستان و ئێران وتووە و هەروەها پشتیوانی لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی خەڵکی ئێران کردبوو.