سامان نەسیم لە گەورەترین كەمپێینی ساڵی لێبۆردنی نێونەتەویی‏دا جێی گرت

20:01 - 17 سەرماوەز 2715
ئاژانسی كوردپا: ناوەندی داكۆكیكاری مافی مرۆڤ لە كەمپێینێكی جیهانیی‏دا، خوازیاری ئازادكردنی گیراوانی سیاسی بوو كە یەكێکیان كورد بووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵنیری ئاژانسی كوردپا، ٤هەتا ١٧/١٢/٢٠١٥ (١٣ هەتا ٢٦/٩/١٣٩٤)، ڕێكخراوی داكۆكیكاری مافی مرۆڤ، كەمپێینی ساڵانەی مافی مرۆڤی خۆی بۆ ١٢ چالاكوانی سیاسی تەرخان كردبوو كە یەك لە وانە سامان نەسیم بوو.

لەو كەمپێینەدا سەدان كەس لە سەرانسەری جیهان بە نووسینی نامە، ئیمەیل، فاكس و... هتد، خوازیاری ئازادكردنی گیراوانی سیاسی بوون و ساڵی ڕابردووش زیاتر لە ٣ میلیۆن كەس بەشدارییان لەو كەمپێینەدا كردبوو. كەمپێینەکە هەر ساڵ لە ژێر ناوی (بنووسە بۆ ماف) بەڕێوە دەچێت.

ڕێكخراوی لێبووردنی نێونەتەویی لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا ڕایگەیاند، ئارمانج لە هەڵبژاردنی سامان نەسیم گیراوی سیاسی كورد، (پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی حوكمی لەسێدارەدانی ناوبراو و منداڵان و لاوانی دیكە لە ئێران) بوو.

كەمپێینی (بنووسە بۆ ماف) لە حاڵێكدا دەستی بە كارەكانی كرد كە سامان نەسیم لە سەرەتای ئەم ساڵدا بە بڵاوكردنەوەی نامەیەک ڕایگەیاند كە دانپێدانانە تەلەفیزیۆنیەكەی لە ژێر گوشار و ئەشكەنجەدا بووە.

سامان نەسیم خەڵكی مەریوانە و لە كاتی گرتنی‏دا لە پووشپەری ١٣٩٤دا، تەمەنی ١٧ ساڵ بووە.