سامان نەسیم بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەی کاتی ئازاد کرا

20:31 - 24 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسی کورد پاش ٧ ساڵ زیندانی بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی ورمێ بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٤ی ڕەزبەر، سامان نەسیم زیندانیی سیاسی کورد لە گرتووخانەی ناوەندەی شاری ورمێ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگایەکەی ئازاد کرا.

ئیتلاعاتی سپای پاسداران، دۆسییەکی نوێی بۆ سامان نەسیم، زیندانیی سیاسیی کورد دروست کردووە و ناوبراوی بە \"کوشتن و بریندارکردنی چوار ئەندامی سپای پاسداران\" تاوانبار کردووە.

دۆسییەی نوێی سپای پاسداران بۆ سامان نەسیم، لە حاڵێکدایە کە نابراو لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ حوکمی بێتاوانی لە مەڕ کوشتنی ئەندامانی سپای پاسداران پەسەند کراو.

کۆبوونەوەی دادگایی کردنی ئەم زیندانییە سیاسیە کوردە، ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو، لە لقی ١٢ی دادگای پێداچوونەوەی شاری ورمێ بە بەشداری وکیل بۆ ماوەی نیو کاتژمێر بەڕێوەچوو و هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٥ ڕەشەممە حوکمی ٥ ساڵ زیندانی ناوبراو بە شێوەی فەرمی بە زیندان ڕاگەیاندرا.

ساڵی ڕابردوو (٩٦)، حوکمی ئێعدامی سامان نەسیم هەڵوەشایەوە و گۆڕدرا بە پێنج ساڵ زیندان. عەزیز موژدەهی، پارێزەری ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاندووە: سامان نەسیم بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ خودا و ئەندامبوون لە حیزبی پەژاک بە پێنج ساڵ زیندان مەحکووم کراوە و ئەم حوکمەش ڕۆژی ٥ی ڕێبەندان، لە ڕێگای نووسینگەی زیندانی ورمێ بە سامان نەسیم ڕاگەیەندراوە.

پارێزەری سامان نەسیم، پێشبینی ئەوە دەکات، کە سەرەڕای تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکی، ناوبراو لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئازاد بکرێت.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە پەیوەندیی لەگەڵ هەڵوەشاندەنەوەی حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە ڕایگەیاند: \"سامان نەسیم لە کاتی دەسبەسەریدا، تەمەنی لە ژێر ١٨ ساڵ بووە و دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ ناوبراو پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەتی کۆنوانسیۆنی مافی منداڵانە کە ئێرانیش یەکێک لەو وڵاتانەیە کە دەبێت پێبەند بێت و ڕێز لەو یاسا نێونەتەوەییە بگرێت.

سامان نەسیم ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی، لە شاری مەریوان لەدایک بووە، مانگی پووشپەڕی ساڵی ٩٠ و لە کاتێکدا تەنیا ١٧ ساڵ تەمەنی بوو، لە ئەنجامی تێکەڵچوونێکی چەکداریی لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە سنووری سەردەشت دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٢ مانگ لە ژووری تاکەکەسیی حیفازەت ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ لە ژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا بوو، کە دواتریش بۆ زیندانی مەهاباد گوازرایەوە.

ناوبراو لە کۆتاییدا بە تۆمەتی \"شەڕ لەگەڵ خودا\" و \"ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردیدا\"، لە لایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە ئێعدام مەحکووم کرا و ئەو حوکمەش لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٢ی هەتاویدا، لە لقی ٣٢ی دیوانی باڵای وڵاتەوە وەکوو خۆی پشتڕاست کرایەوە.