سازكردنی زیندانی تازە لە ئەهواز روو لە زیادبوونە

14:18 - 6 پووشپەڕ 2712
كوردپا: زیندانێكی تازە و گەورە و لەسەر رێگای شاری شیبان هەڵكەوتوو لە 25 كیلۆمیتریی باكووری ئەهواز لە پارێزگای خوزستان ساز كرا و نرایە ئیختیاری هێزە ئەمنیەتییەكان.

بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا و بە وتەی چالاكانی مافی مرۆڤی ئەهواز، ئەو زیندانە تازە و گەورەیە چەندین تاوەری نیگابانیی هەیە و لە ناوچەیەكی چۆڵ و بیابانی ساز كراوە. بە وتەی شایەتحاڵان، جیالە هێزە ئەمنیەتییەكان كەس مافی هاتوچۆی بۆ دەورووبەری ئەو زیندانە نیە و هەتا ئێستا بۆ چاوپێكەوتنی هیچ بەندكراوێك كەسێك سەردانی ئەو شوێنەی نەكردووە.
\"4987.jpg\"
رێكخراوی زیندانەكانی ئێران ئەو شوێنەی وەكوو بنكەیەكی دەرمانی ناساندووە، جیا لەو زیندانە تازە ناوی زیندانەكانی دیكەی شاری ئەهواز بەم چەشنەیە:
زیندانی كاروون، زیندانی سپیدار، زیندانی فەجر، گرتنگەی نهێنیی ئیدارەی ئیتلاعات لە چوارشیر، زیندانی نهێنیی سپا لە پادگانی گوڵف، گرتنگەی هێزی ئینتزامی، گرتنگەی سپا لە لەشكری وەلی عەسر هەڵكەوتوو لەسەر جادەی ئەهواز بۆ ئەندیمشك، گرتنگەی ئەرتش لە پادگانی لەشكری 92 و زۆر زیندان و گرتنگەی دیكەی بێ‌ناو و نیشان كە هەتا ئێستا بۆ خەڵك نەناسراون.

ئەو وێنانەی كە لێرەدا هاتوون پێوەندییان بەو زیندانە تازە و گەورەوەیەوە هەیە كە تازە ساز كراوە.