سابیر نادری لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا

11:15 - 19 خاکەلێوه 2720

ڕۆژی دووشەممە ١٨ی خاکەلێوە، "سابیر  نادری"، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری قوروە، پاش ١٨ مانگ ڕاگرتن لە زیندانی ناوەندیی سنە، لە ئەنجامی لێخۆشبوونی نەورۆزیی دەزگای دادوەری، لە زیندان ئازاد کرا.

"سابیر  نادری" مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٦ی هەتاوی، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگای ئەندامیەتیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" که لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو، دوای پێداچوونەوە بە حوکمەکەی، بۆ ٤ ساڵ کەم کرابووەوە.

ناوبراو ڕێکەوتی ١٤ی سەرماوەزی ساڵی ٩٥ی هەتاوی، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و و ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ١٥٠ ملیۆنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەز، "سابیر نادری"، ئەندازیاری کامپیۆتێر و بەڕێوەبەری شیرکەتی "شەهیر نەرم ئەفزاری پوویا"، (شهیر نرم افزار پویا)، بۆ تێپەڕاندانی ٤ ساڵ زیندان دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی ناوەندیی سنە ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە خێزاندار و نووسەری کتێبێکی فارسییە بە ناوی: "حریم خصوصی و امنیت اینترنت" (مطابق با سرفصل دانشگاه علمی کاربردی).