زەینەب جەلالیان گوازرایەوە بۆ زیندانی شاری خۆی

13:50 - 4 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: زەینەب جەلالیان ژنە زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵكی شاری ماکۆ، لە زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشانەوە گوازراوەتەوە بۆ زیندانی شاری خۆی، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەو زیندانە بەندی زیندانیانی سیاسیی تێدا نییە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زەینەب جەلالیان سەرەڕای ئەویکە چەندین جار داوای کردبوو بگوازرێتەوە بۆ زیندانی شاری ماکۆ، بەڵام بە بڕیاری دەزگای قەزایی لە زیندانی کرماشانەوە گوازراوەتەوە بۆ زیندانی شاری خۆی.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەی خەڵکی شاری ماکۆ، کەلە زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان چاوێکی گۆشتپارەی کردبوو، هەتا ئێستا نەشتەرگەری و چارەسەریی بۆ نەکراوە.

\"24344.jpg\"
زەینەب جەلالیان، ساڵی ١٣٨٦ لە کرماشان دەستبەسەر کراو لەو کاتەوە هەتا ئێستا، لە مافی چاپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە
جەلالیان، کە پێشتریش لەلایەن داستانی کرماشانەوە بۆ نەشتەرگەریی چاوەکانی رێگریی لێکرابوو، ماوەی دوو مانگە گوازراوەتەوە بۆ زیندانی شاری خۆی.

زەینەب جەلالیان، ساڵی ١٣٨٦ لە کرماشان دەستبەسەر کراو لەو کاتەوە هەتا ئێستا، لە مافی چاپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەو چالاکە سیاسییە، لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامییەوە بە تۆمەتی \"محاربە\"، حوکمی لەسێدارەدرانی بۆ بڕایەوە و دواتر ئەو حوکمە بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

زەینەب جەلالیان پاش ئەوەی دەستەبسەر کرا، لەلایەن هێزەکانی سەربە وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لەمەڕ دانپێدانانی تەلەفزیۆنی، بەرەوڕووی فشار و ئەشکەنجە ببوویەوە.

ئارام. ح