زەینەب جەلالیان لە چاوپێکەوتنی حەوتووانە بێبەری کرا

16:57 - 7 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی شاری خۆی تا کاتێکی نادیار لە چاوپێکەوتنی حەوتووانە بێبەری کراوە.

زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسیی کوردی مەحکووم بە زیندانی هەتاهەتایی لە چاوپێکەوتنی حەوتووانە لەگەڵ بنەماڵەی بێبەری کرا و بەرپرسانی زیندانی خۆی دژایەتی چارەسەری پزیشکیی ناوبراو لە دەرەوەی زیندان دەکەن.

\"تۆری مافی مرۆڤی کوردستان\" لەم بارەوە ڕایگەیاندووە: بەرپرسانی زیندانی خۆی ڕۆژی دووشەممە ٣ی بەفرانبار زەینەب جەلالیانیان ئاگادار کردووە هەتا کاتی دەرچووی بڕیاری نوێ لە چاوپێکەوتنی حەوتووانە لەگەڵ بنەماڵەی بێبەری دەبێت.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە حەوتووی ڕابردوو، بە هۆی نەخۆشی گورچیلە ڕەوانەی بێهداری زیندان کرابوو و پزیشکانی بێهداری داوای چارەسەری پزیشکی بۆ ئەو زیندانییە سیاسییەیان لە دەرەوەی زێندان کردبوو کە ئەم داوایە لەگەڵ دژایەتی بەرپرسانی زیندان ڕووبەروو ببووەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بە هۆی مانگرتن لە دەوا و دەرمان بۆ ماوەی زیاتر لە یەک ساڵ و هەروەها پێڕانەگەیشتنی پزیشکی لە بارودۆخێکی نالەبار لە زینداندا ژیان بە سەر دەبات.

خەرمانانی ساڵی ٩٦، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، خۆبواردن لە چارەسەریی پزیشکیی زەینەب جەلالیانیان بۆ سزای توند و وەرگرتنی\"دانپێنانی زۆرەملێ\" گەڕاندووەتەوە.

زەینەب جەلالیان ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی، لە شارستانی ماکۆ سەر بە پارێزگای ورمێ لە دایک بووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی، لە کرماشان لە لایەن هێزەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەسبەسەر و پاشان لە سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، بە تۆمەتی موحاربە و ئەندامەتی و هاوكاریی لەگەڵ یەكێك لە حیزبە كوردییەكانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران بە ئیعدام مەحکووم کرا و دواتر ئەو حوکمە بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.